دەزگای ڕوانگە قوتابخانە لە سلێمانی دروست دەکات

پەروەردە | 26/5/2015
Happy faces greet new school in Suli’s Said Sadiq district

  دەزگای ڕوانگە لەسەر داواکاری دانیشتوانانی قەزای سەیدسادق سنوری شاری سلێمانی و بەمەبەستی گەشەپێدانی بواری پەروەردە لە ناوچەکە قوتابخانەیەکی بنەرەتی شەش پۆلی لەسەر ئاستێکی پێشکەوتوو دروستکرد.
بەرواری ٢٤/٥/٢٠١٥ دەزگای ڕوانگە قوتابخانەیەکی بنەرەتی شەش پۆلی بەکۆتا هێناو لە رێورەسمێکی شایستەدا رادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی پەروردەی قەزای سەیدسادقی کرد.
( نەجمەدین عەلی ئەحمەد ) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە ووتارێکدا ئاماژەی بە گرنگی و پێویستی دروست کردنی قوتابخانەی راڤەی بنەرەتی کرد لە رووی گەشەپێدانی پەروەردەییەوە بۆ قەزای سەیدسادق و بە چارەسەری هەندێک لە کێشە و گرفتە پەروەردەییەکانی لە ناوچەکەدا ناوزەند کرد.
قوتابیان و مامۆستایانیش بە روویەکی گەش و خەندەی سەرلێوانیانەوە بە نمایشی گۆرانی منداڵان و جلوبەرگی کوردیەوە بەشداریان لە رێورەسمەکەدا کرد.
( دیاری رەفیق فایەق ) قائیمقامی قەزای سەیدسادق لە پێشکەش کردنی ووتارێکدا ووتی: ” قەزای سەیدسادق زۆر دەمێکە پێویستی بە بوژانەوە و گەشەپێدان هەیە لە رووی پەروەردەیی و تەندروستی و وەرزشییەوە و خۆشحالی خۆی پیشاندا کە دەزگای ڕوانگە بەدەم داواکاری دانیشتوانان و قوتابیان و لاوانی سەیدسادق هاتوە بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەکی بنەرەتی کە پێویستییەکی حەتمی ئەم ناوچەیە بوو و ئەمەیش دووەم پرۆژەی گرنگی ڕوانگەیە لەم ناوچەیەدا کە ئەنجام دراوە، یەکەمیان دروستکردنی یاریگایەکی سەردەمیانە بە شێوازی تارتان بۆ وەرزشوانان و لاوان لە گوندی گرێزە و دەوروبەری لە مانگی شوباتی ٢٠١٥ دروست کرد و ئەمرۆش قوتابخانەیەکی بەشێوازێکی سەردەمییانە بۆ منداڵە چاوگەشەکانی ئەم دەڤەرە بونیات ناوە، تاوەکو مندالانی ئێمەش بێبەش نەبن لە پەروەردە و فێربوون و زانستدا. هیواشی خواست رێکخراو و دەزگای مرۆیی و خێرخوازییەکانی دیکەش چالاکانە بێنە مەیدانەکە و هاوکار و هەماهەنگی خەڵک بن لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
قوتابخانەی راڤەی بنەرەتی لەسەر ئەستۆی دەزگای ڕوانگە لە سەیدسادق دروستکراوە و پێک دێت لە شەش پۆل بۆ خوێندن و ژووری مامۆستایان و بەڕێوەبەر و گۆڕەپانێکی یاری منداڵان و باغچەیەک.
بەمەبەستی پێزانین و بەرز نرخاندنی پرۆژەی دروستکردنی قوتابخانەی راڤە بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق ( سۆران محمد مەحمود) رێزنامە و پێزانینی فەرمی ئاراستەی دەزگای ڕوانگە کرد.
قوتابخانەی ناوبراو دەکەوێتە گەڕەکی شەهیدان لە قەزای سەیدسادق کە زۆرینەی دانیشتوانانی ئەم گەڕەکە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتن.