لە رۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ڕێکخراوی میسۆپۆتامیا بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای روانگە و پاڵپشتی زانکۆی دهۆك هەفتەی دەستپێشخەری کاری جیهانی لە شاری دهۆك ئەنجامدا، ڕێورەسمەکە بە باسکردنی چیرۆکی دەسپێشخەری چەند خاوەنکارێك دەستیپێکرد کە توانیان بە سەرکەوتویی ببنە خاوەن کاری خۆیان، دواتر پانێلێك پێشکەشکرا لە ژێر ناونیشانی: چەوانیا گەشەپێدانا كەلتورێ دەستپێشخەريا كارى وهاندانا گەنجان بةرەف كارسازى.
پانێلەکە لە لایەن د.رێبین سلێفانی (دامەزرێنەری پلاتفۆرمی دەسپێشخەری کاری میسۆپۆتامیا) بەڕێوەبرا ، و لە لایەن پانێلیست: عەبدولسەلام مەدەنی (بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە)، د.عارف حیتۆ (بەڕێوەبەری گشتی لە وزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، د.شڤان احمد محمد (شارەزا لە بواری دەستپێشخەری کار)، و خاتوو ژیمەن سەعید (خاوەن کار) پێشکەشکرا. پانێلەکە سەرکەوتووانە بە وەڵامدانەوەی پرسیاری ئامادەبووان سەبارەت بە بابەتەکە کۆتایی پێهێنرا.
هەروەها لە رۆژی ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، هەفتەی دەستپێشخەری کاری جیهانی لە شاری هەولێر لە لایەن ڕێکخراوی میسۆپۆتامیا بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای روانگە ئەنجامدرا، و لە لایەن کار گروپ و زانکۆی کوردستان سپۆنسەرکرا. ڕێورەسمەکە دوو پانێلی سەرەکی لەخۆگرتبوو.
پانێلی یەکەم لە ژێر ناونیشانی: داهاتووی دەستپێشخەری کاری تەکنەلۆژی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، پانێلەکە لە لایەن بیلال سەعید (سەرۆكی ئینستیوتی ئابووری بەژمارە) بەڕێوەبرا و بە بەشداری کردنی پانێلیست (شەماڵ سەباح - جێگری بەڕێوەبەری بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری لە زانکۆی کوردستان)، گوهدار ئیبراهیم (بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەورۆسۆفت)، هیوا ئەفەندی ( سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان) پێشکەشکرا.
لە دوای وەرگرتنی پشوویەکی کورت، پانێلی دووەم لە ژێر ناونیشانی: سیاسەتی هەفتەی جیهانی دەستپێشخەری کار- کۆمپانیای بچووك\مامناوەند و دەسپێشخەری کار ئایندەن، پانێلەکە لە لایەن: د.هێژا سندی (ڕاگری کۆلێژی بزنز لە زانکۆی کوردستان) بەڕێوەچوو، و لە لایەن ئــارام ئەنوەر(بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچوکەکانی لاوان)، بەڕێز کەمال موسلیم (وەزیری بازرگانی و پیشەسازی)، عەبدولسەلام مەدەنی (بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە) پێشکەشکرا.
هەفتەی دەستپێشخەری کاری جیهانی گەورەترین کامپەینی بەرەوپێشبردنی دەستپێشخەری کارە، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە لایەن دەزگای کاوفمان بەڕێوەدەچێت وەکو بەشێک لە تۆڕی دەستپێشخەری کاری جیهانی، رێورەسمێکی نێودەوڵەتیە کە بەدیهێنەران و دەستپێشخەرانی کار کۆدەکاتەوە بۆ پێشکەشکردنی بیرۆکە نوێیەکانیان. ھەفتەی دەستپێشخەری کاری جیھانی ھەڵمەتێکە لە جیھاندا و ساڵانە لە بۆ ماوەی یەك ھەفتە لە ١٧٠ وڵات لەسەرانسەری جیھاندا بەڕێوە دەچێت.