بە ئامادەبوونی بەڕێزان ادریس نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی دەزگای روانگە و شێخ راشد موحهمهد مەنوسری كونسوڵی گشتیی ئیماراتی عهرهبی لە کوردستان و کامەران حەسەن بەڕێوەبەری ناحییەی قوشتەپە و چەندین نوێنەری دامودەزگاكانی حکومی و دەزگاكانی راگەیاندن، له بەرواری ٢٠ی نیسانی ٢٠١٤ بەردی بناغەی پرۆژەی ناوچەی منداڵان و لاوان لە کهمپی قوشتەپە دانرا. ئەم پڕۆژەیە بە هاوبەشی لەنێوان دەزگای روانگە و مانگی سووری ئیماراتی بونیادنراوه و لهپێناو زیاتر خزمەتکردن و چالاککردنی توانا و بەهرەی منداڵان و لاوانی خۆرئاوای کوردستانه کە لە کامپی قووشتەپەدا نیشتەجێن. پڕۆژەی ناوبراو پێکهاتووە لە ( سێ گۆڕەپانی تۆپی پێ و باسکە و بالە و پەرتووکخانە و بەشی کۆمپیوتەر و بەشی هونەری و شوێنی یاری و بازاڕێک و چەند دوکانێکی تایبەت بەم شوێنە لەگەڵ باخچەیەک و چەندین خزمەتگوزاری دیکە).
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی وتارێک لەلایەن بەڕێز رەوەند عەبدولقادر دەروێش جێگری سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە دەستی پێکرد، دوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان ئاماژەی بە گرنگی و پێویستییە مرۆیی وهەنووکەییەکان دا بۆ زیاتر خزمەتکردنی ئەو خەڵکەی کە بە هۆی بارودۆخی خراپی وڵاتی سوریا روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە کامپەکانی کوردستاندا جێنشینن.
دواتر شێخ راشد موحهمهد مەنسوری بەناوی مانگی سووری ئیماراتی وتارێکی پێشکەشکرد و ستایشی دەزگای روانگە بەگشتی و سەرۆکی دەزگا بەتایبەتی کرد لهههمبهر هەوڵە یەک لە دوایەکەکانی بۆ خزمەتکردنی چین و توێژانی بێپاڵپشتی کوردستان بەگشتی و ئاوارەکانی خۆرئاوای کوردستان بەتایبەتی. دواتر بەڕێز وایکلیف سانگوا هەماهەنگکاری یەکەمی مەیدانیی UNHCRوتارێکی پێشکەشکرد و باسی گرنگیی ئەنجامدانی ئهم جۆرە پڕۆژانەیکرد بۆ زیاتر خزمەتکردنی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بارگرژی و توندوتیژییەوە بەناچاری وڵاتی خۆیان جێهێشتوەو روویان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان کردووە. هەر لە درێژەی قسەکانیدا زۆر سوپاسی دەزگای روانگەی کرد و هەموو چالاکی و پڕۆژە مرۆییەکانی بەرز نرخاند و هیوای خواست کە رێکخراوەکانی دیكهش هاوشێوهی روانگە چالاکانە بێنە مەیدانی خزمەتکردن و یارمەتی کەسانی بێپاڵپشت و لێقەوماو بدەن.