رێکەوتی ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩، دەزگای روانگە و رێکخراوی گەشە پێدانی مەدەنییەت رۆژی جیهانی زەویان بەرزڕاگرت بە چاندنی ١٠٠٠ نەمام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
بە ئامادەبونی سەرۆک شارەوانی بازیان و نوێنەری پارێزگای سلێمانی و تیمی دەزگای روانگە و ڕێکخراوی CDO هەڵمەتی چاندن نەمام دەستی پێکرد، هەڵمەتەکە ماوەی پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و پێکهاتووە لە چاندنی ١٠٠٠ هەزار نەمام لە ناوچەی بازیان (سلێمانی) و هەڵەبجە.
ئەنجامدانی ئەم کەمپینە بۆ فراوانکردنی ڕێژەی سەوزایی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەییە لە ناوچەکەدا، کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزاییە لەو ناوچانەدا.
ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکانی پاڵاوتنی نەوت، ئاسن، چیمەنتۆی سنوری پارێزگای سلێمانی دەکەونە ناوچەی بازیان. بە پێی ئامارەکان سەدا ٨٠ی کارگەکانی پارێزگای سلێمانی دەکەونە ئەو ناوچەیە. درەخت و نەمام رۆڵێکی باڵایان هەیە لە پاککردنەوەی هەوا و گۆڕینی گازی دوائۆکسیدی کاربۆن بۆ ئۆکسجینی پاك.
هەڵمەتەکە بۆ ماوەی ٥ رۆژ بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا ٦٠٠ نەمام لە سلێمانی و ٤٠٠ نەمام لە هەڵەبجەدا دەچیندرێن.
. هەموو ساڵێک لە ٢٢ی نیساندا یادی ڕۆژی جیهانی زەوی دەکرێتەوە لە سەرانسەری جیهاندا و چەندین چالاکی ئەنجام دەدرێت.