نۆژەنکردنەوەی پارکی زاوێتە

ژینگە | 12/4/2018
Renovation of Zawita Park

بۆماوەی ٣ مانگ، دەزگای روانگە، رێکخراوی هاریکار و تیمی خزمەتگوزاری پاراستن وکۆمەڵگەی UNHCR بانگهێشتی ١٥ ئەندامی کۆمەڵگەی قەزای زاوێتەیان کرد تاوەکو بەشداربن لەپلاندانان و هەڵسەنگاندنی پێویستیەکانی پارکی گشتی قەزای زاوێتە بە ئامانجی نۆژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی کواڵێتی پارکەکە. 

لە بەرواری ١٢ی نیسانی٢٠١٨ ، دەزگای روانگە و ژمارەیەک رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی نۆژەنکردنەوەی پاڕکی زاوێتەیان ئەنجامدا لە قەزای زاوێتە، دهۆک. 

لە سەرەتای پلاندانانی نۆژەنکردنەوەی پاڕکی گشتی زاوێتە، ١٠ ئەندامی کۆمەڵگەی قەزای زاوێتە، ئاوارەکان و پەنابەرانیش بەشداربوون لە کۆکردنەوەی بیرۆکە بۆ پارکەکە بە ئامانجی بەشداریپێکردنی گشت پێکهاتەکانی قەزاکە لە بڕیاردان و باشترکردنی کواڵێتی پارکەکە. دواتر بیرۆکەکانیان کۆکرانەوە و باشترینیان هەڵبژێردران لە نێوانیشیاندا  خزمەتگوزارییەکانی وەکو شوێنی دانیشتنی ژێر سێبەر، ناوچەی دەرەکی بۆ وەرزشی لەشجوانی، شوێنی یاریکردنی منداڵان، ئاوی خواردنەوە و شوێنی نوێژکردن. 

هەروەها لەرێگەی رێکخراوی GIZو  پڕۆگرامی''کاش بۆ کار'' چەند رێگایەکی تازە بۆ پارکەکە دروستکرا و رێگا کۆنەکان و رێگاکانی رۆیشتنی ناوپارکەکە نۆژەنکرانەوە. 

چەند شوێنێکی یاریکردن لەپارکەکە ئامادەکران و نۆژەنکرانەوە، چەندین ئامێری وەرزشی لە پارکەکە دانران، دەستشۆر و سەرئاوی گشی دروستکران لەگەڵ دابینکردنی سیستەمی رووناکی بۆ پارکەکە. هەروەها سیستەمی ووزەی خۆریی لەلایەن UNHCR و تیمی رێکخراوی هاریکار دانرا. 

ئامێرو پێداویستییەکانی بنیادنان و چاککردن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دارستان دابینکرابوون. دەزگای روانگە چەندین کۆبوونەوەی بۆ هۆشیاریی ژینگەیی ئەنجامدا بۆکۆمەڵگەی نێوخۆیی، ئاوارەکان و پەنابەران. هەروەها چاپکردن و چاککردنەوەی بۆردی رێنمایی و ئاراستەکان و تەنەکەی خۆڵ لەدەرەوە و ناوەوەی پارکەکە لەلایەن دەزگایروانگە دابینکران.

زۆربەی ئەو کەرەستانەی لە پارکەکەدا دانران، کەلوپەلی ژینگە دۆست بوون. هەروەها لە ئەنجامی نۆژەنکردنەوەی پارکەکە ٨ هەزار و ٥ سەد و ٧٢ کەس سوودمەند دەبن لەنیوانیشیاندا ٥٧٠٠ ئاوارە، ٢٧٠٠  نێوخۆیی و١٧٥ پەنابەر. 

قەزای زاوێتە سەربە پارێزگای دهۆکە. بەهۆی سروشتە جوانەکەی سەرنجی گەشتیارانی بۆخۆی راکێشاوە، کە بەشێکی زۆری رووبەرەکەی دارستانە. پارکەکە دەکەوێتە رێگای نیوان زاوێتە- ئامێدی و رووبەرەکەی ٢٦٥٠٠ مەتر دوجایە. نۆژەنکردنەوەی پارکەکە پشتگیری لە پاراستنی ژینگە و سروشتی ناوچەکەش دەکات.