دەزگای روانگە هۆشیاریی پاک راگرتنی ژینگە بڵاو دەکاتەوە

ژینگە | 18/5/2015
Rwanga Foundation again promotes environmental Awareness

 

دەزگای ڕوانگە، بەمەبەستی پاک راگرتنی ژینگەی کوردستان هەڵمەتێکی گشتگیری ئەنجامدا بۆ هۆشیارکردنەوەی دانیشتوانانی کوردستان بۆ پارێزگاری کردن لە ژینگە و پاک راگرتنی ووڵات.

بەرواری ١٥/٥/٢٠١٥ دەزگای ڕوانگە لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنوری شاری هەولێر وەک شەقڵاوە، شێرەسوار، تەوسکە، هیران هەڵمەتی پاک راگرتنی سەیرانگەکان و شوێنە گشتییەکانیان دەستپێکرد و ٥٠٠٠ کیسەی نایلۆنی بۆ کۆکردنەوەی خاشاک و پاشماوەکان دابەش کردە سەر ئەو خێزان و هاونیشتیمانیانەی کە بەمەبەستی گەشت و گوزار کردن روویان لە شوێنە گەشتیارییەکان کردوە. هاوکات لەگەڵ کیسە نایلۆنەکان رێبەرێکی هۆشیاریی پاک راگرتنی ژینگە و ئاماژەدان بە مەترسییەکانی فرێدانی خاشاک و پاشماوە لە شوێنە گەشتییارییەکان بەسەر تەندروستی مرۆڤەوە هاوپێچکرابوو.

رێبەری پاک راگرتنی ژینگە بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی و زمانی ئینگلیزی دارێژراوە و پێوەر و زیانەکانی پاشماوە و خاشەکەکان بەسەر سروشت و تەندروستی مرۆڤدا شیکراوەتەوە. ئەم هەڵمەتەش هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆکیش دەگرێتەوە.

دەزگای ڕوانگە وەک دەستپێشخەرییەک بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان لە پرۆژەی ( کوردستان پاک بپارێزە ) نزیکەی  ٢٠١٥ تەنەکەی خۆڵ ( حاویە) و ٣٠ تابلۆی هۆشیارکردنەوەی پاک راگرتنی ژینگەی کوردستان بە هەر سێ زمانی کوردی عەرەبی ئینگلیزی لە سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان دابەش کرد، تاوەکو هاونیشتیمانیان ژینگەی کوردستان بەپاک و خاوێنی بپارێزن.