هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی زەردەخەنە دەستیپێکرد

کەسانی لێقەوماو | 2/2/2014
Mission Possible Your Involvement Provides Smiles


دەزگای روانگە هەڵمەتێکی بەردەوامی کۆکردنەوەی کۆمەکی تایبەت بە دابین کردن و دەستەبەر کردنی کەلوپەلە پێویستیە سەرەتاییەکانی ژیان وەک جلوبەرگ و شیری منداڵان و پێداویستیی تایبەت بەمنداڵان و ئافرەتان بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوای كوردستان و نیشتەجێی کامپەکانی سنوری شاری هەولێر دەستیپێکرد. شایانی ئاماژەیە ئەم هەڵمەتەش بە هاوکاری و هاوبەشی چەند قوتابخانەیەکی سنوری شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێت بە مەبەستی زیاتر هاندانی منداڵان و نێوجەوانان بۆ کاری خۆبەخشین و چاندنی تۆوی گیانی یارمەتیدان و کاری مرۆیی لە ناخیاندا. هەڵمەتەكە لە رۆژی شەممە ١ی شوباتی  ٢٠١٤ دەستی پێ كرد كە بریتی بوو لە کۆکردنەوەی کەلوپەلێكی زۆری منداڵان و ئافرەتان کە لەلایەن منداڵانی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفاتەوە وەک بەخشین بۆ منداڵانی ئاوارەی رۆژئاوا دابین کرا و كۆمەكەكەش لەلایەن تیمی روانگە بە هاوبەشی لەگەڵ گروپێکی قوتابیانی قوتابخانەی ناوبراو رەوانەی کامپی باسرمە کرا کە دەکەوێتە نزیک شارەدێی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر. بۆ زیاتر زانیاریش کەلوپەلەکان لە (١٦٠٠) کەلوپەلی خاوێن کردنەوەی منداڵ، (١٢٠٠) قوتی شیری منداڵان، (٢٠٠) پێداویستیی تایبەتیی خانمان، )٣٠٠( کارتۆنی جلوبەرگی منداڵان پێک هاتبوون.

شایانی باسە کامپی باسرمە(٦٤٥) خێزان لەخۆدەگرێت كە كۆی گشتییان دەكاتە    ( ٣٢٠٠) ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان ، لەم هەڵمەتەشدا توانرا پێداویستیی بۆ   ( ٧٨٤) منداڵی ئەو كامپە دابین بکرێت.