براوەکانی پێشبڕکێی بیرکاری راگەیەندران

پەروەردە | 29/4/2019
Winners of Mathematics Competition Announced

بەرواری ٢٩ی نیسانی ٢٠١٩، دەزگای روانگە رێوڕەسمی کۆتایی پێشبڕکێی بیرکاری ئەنجامدا کە قۆناغەکانی پێش کۆتایی و کۆتایی پێشبڕکێیەکە بوون و تێیدا قوتابیانی پلەی یەکەم، دوەەم و سێیەم دیاریکران و خەڵاتکران.

پێشبڕکێیەکە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر ئەنجامدرا و لە چوار قۆناغ پێکهاتبوون. تەنیا ٥ قوتابی گەیشتبوونە قۆناغی پێش کۆتایی و لە پێشبڕکێیەکەدا پێشبڕکێیان دەکرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی بیرکاری لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر. قوتابییەکان بریتیبوون لە :

  • ‌شەهناز عیماد شاکر – ئامادەیی هەولێری کچان
  • ڤێستا فەرحان سەعید – ئامادەیی قەڵای بەهرەداران
  • لاڤین دلێر فەخرەددین – ئامادەیی مەحمود زامدار
  • نزا وشیار صالح – ئامادەیی چرۆی کچان
  • نوا هێمن عەلی – ئامادەیی گولی زەردی کچان

لە رێوڕەسمەکەدا عبدالسلام مدنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای روانگە باسی لە ئامانجی پڕۆژەکە کرد و گوتی " وەك ئامانجێکی راستەوخۆ دەمانەوێت ئاستی پەروەردەیی لە بواری بیرکاری بەرەوپێش ببەین. ئێستا پێشبڕکێکە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێرە، دەمانەوێت بیبەین بۆ ئاستی کوردستان. هەروەها لە بابەتی بیرکاری بۆ بانەتەکانی دیکە فراوانی بکەین''. ئەو گوتیشی '' روانگەی ئێمە ئەوەیە لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە  قوتابیانی کورد بتوانن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشداربن و پێشبڕکێ بکەن''.

بەڕێز بورهان ئەرگوشی، راوێژکاری وەزیری پەروەردە کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو و سوپاسی دەزگای روانگەی کرد بۆ پێشبڕکێیەکە، گوتی '' بیرکاری بابەتێکی جیهانییە و پیویستە هەوڵبدەین زیاتر گرنگی بەم بابەتە بدەین. بیرکاری دایک و زمانی زانستەکانە. بۆیە هەر هەنگاوێك لەم بوارەدابێت جێگەی دەستخۆشییە''.

دادوەرانی پێشبڕکێیەکە، کە لە رێوڕەسمەکە ئامادەبوون و بڕوانامەی رێزلێنانایان لەلایەن دەزگای روانگە پێشکەشبرا بریتیبوون لە مامۆستا هێمن عەبدولکەریم لە شاری هەولێر، د. ڕەشاد ڕەشید لە شاری هەولێر، مامۆستا فەهمی محمد لە شاری سلێمانی، د. کاروان حەمە فەرەج لە شاری سلێمانی، مامۆستا پێشکەفت فەرسار لە شاری دهۆک و مامۆستا هێرش ئەمین لە شاری دهۆک.

دوای قۆناغەکانی پێش کۆتایی و کۆتایی، کە بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵی کوردستان ٢٤ ئانجامدرا، قوتابیانی پلەی یەکەم، دووەم و سێیەم دەستنیشان کران و خەڵآتکران.

  1. براوەی یەکەم و پاڵيوانی بیرکاری:  ڤێستا فەرحان سەعید – ئامادەیی قەڵای بەهرەداران
  2. براوەی دووەم: نزا وشیار صالح – ئامادەیی چرۆی کچان
  3. براوەی سێیەم: نوا هێمن عەلی – ئامادەیی گولی زەردی کچان

براوەی یەکەم، جیا لە نازناوی پاڵەوانی بیرکاری، بڕی ٢ هەزار دۆلای وەك خەڵات پێدرا. هەروەها ٢ هەزار دۆلار بەخشرایە قوتابخانەکەی.براوەی دووەم، بڕی ١،٥٠٠ دۆلاری بەدەستهێنا و ١،٥٠٠ دۆلار بەخشرایە قوتابخانەکەی.براوەی دووەم، بڕی ١٠٠٠ دۆلاری بەدەستهێنا و ١٠٠٠ دۆلار بەخشرایە قوتابخانەکەی.

بە ئامانجی بروەدان بە توانا و ئارەزووی قوتابیان بۆ زانستی بیرکاری. پرۆژەکە پێشبڕکێیەک لە نێوان قوتابیانی پۆلی ١٠ی بەشی زانستی قوتابخانەکان سازدەکات.ئەمساڵ، پڕۆژەکە لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا و لە قۆناغی یەکەم ١٦٩ قوتابی لە ١٦٩ قوتابخانە بەشداربوون، کە ١٠ قوتابی سەرکەوتن بۆ قۆناغی دووەم- بەپێی یاسای پێشبڕکێیەکە لە قۆناغی دووەم، ٥ قوتابی سەرکەوتن و راستەوخۆ پێشبڕکێیانکرد.