لە بەرواری ١٦ی نیسانی ٢٠١٩، دەزگای روانگە شەش کتێبی کورتەچیرۆک بۆ منداڵانی تەمەن ٨ بۆ ١٢ ساڵ، لە چوارچێوەی پڕۆژەی کتێبی روانگە بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکردەوە.
لە مەراسیمێکدا لە کتێبجانەی زەیتوون لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، نووسەران و خوێنەران و هەروەها بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٥٠ قوتابی کە لە چەند قوتابخانەیەکەوە هاتبوون، شەش کتێبی کورتە چیرۆک بۆ منداڵان بەم ناونیشانانەی خوارەوە بڵاوکرانەوە:
• دارین بە کوردستاندا دەگەڕێت / لەتیف فاتیح فەرەج
• دلگەش و تەکنەلۆجیا / شیرین ئەحمەد مزووری
• خەونی پەپوولەیی / پەروا عبدالقادر جەلال
• کۆترە سپییەکەم / داناز کامەران خۆشناو
• تەکنەلۆجیا و ژیان / سوزان خیری حسین
• ڕێزی مامۆستا و دروشمی پۆل / سەلوان فازڵ غەفور
جێگەی ئاماژەپێدانە کە ١٢،٠٠٠ دانە لە کتێبەکان چاپکراون و لە ڕێوڕەسمەکەدا کتێبەکان بە دیار و بە واژووی نووسەرەکانیانەوە پێشکەش بە میوانان و قوتابیان و منداڵانی بەشداربوو پێشکەشکران. لە هەنگاوی دوای ئەم ڕێوڕەسمەدا، دەزگای روانگە کتێبەکان بەسەر قوتابخانە و خوێندنگە و کتێبخانەکاندا دابەشدەکات بەو ئامانجەی کە زۆرترین منداڵ لێی سوودمەند بێت و کولتووری خوێندنەوە لەناو منداڵاندا دروست بکات.
پڕۆژەی کتێبی روانگە پڕۆژەیەکی ساڵانەی دەزگای روانگەیە، کە بۆ ساڵی ٢٠١٩ پڕۆژەکە کورتەچیرۆکی منداڵانی کردە ئامانج ئەویش لە رێگەی دیاریکردنی سێ بابەتەوە کە ئەوانیش ئومێد و ئایندە، كولتور و مێژوو و کەلەپوری كوردستان، هەروەها تەكنەلۆژیا و ژیانى رۆژانە. پڕۆژەی کتێبی روانگە بۆ هەر ساڵێک بابەتێک دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی نووسەران بەرهەمەکانیان بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕێکی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیاندا بەشداری بکەن.