بەرواری ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دەزگای روانگە لە سەر داواکارییەک کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر پێشکەشکرابوو، گەرمکەرەوە و تەختەی نوسینی بۆ ٢٦ قوتابخانەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە دابینکرد.
کەلوپەلەکان بریتیبوون لە ١٠٠ تەختەی نووسین (وایت بۆرد) و ٧٠ گەرمکەرەوە (سۆپا) بۆ ٢٦ قوتابخانەی دەڤەرەکە. لە رێگەی کەلوپەلەکان ٥،٣٤١ قوتابی و ٢٧٤ مامۆستا سوودمەند دەبن.
ئاری رەجەب، رێکخەری پرۆگرام لە دەزگای روانگە گوتی '' پەروەردە یەکێکە لە بەشە سەرەکییەکانی دەزگای روانگە کە کار و چالاکییەکانمانی تێدا ئەنجام دەدەین. هەروەها هەوڵدەدەین لە رێگەی پڕۆژەی جۆراوجۆر سوود بە کەرتی پەروەدە بگەیەنین. جیا لە پەرەپێدان بەتوانای قوتابیان و هەوڵدان بۆ باشترکردنی کواڵێتی پەروەردە و فێربوون، خزمەتگوزاری وەکو نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و دابینکردنی کەلوپەل بۆ قوتابخانەکان ئەنجامدەدەین بۆ ئاسانکردنی پڕۆسەی خوێندن و فێربوون.''
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، قوتابخانەکان پێویستیان بە گەرمکەرەوە دەبێت لە پۆلەکاندا. ئەحمەد موحەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر تیشکی خستە سەر گرنگی دابینکردنی کەلوپەلاکان و گوتی '' زۆر دڵخۆشین کە کێشەی نەبوونی گەرمکەرەوەمان بۆ چارەسەرکرا. هەروەها تەختەی نووسین وەک ئامرازێکی سەرەکی لە پۆلەکانی خوێندن زۆر پێویستبوون بۆ قوتابخانەکانمان''