رۆژێك لەگەڵ منداڵانی بێ سەرپەرشت لە سلێمانی

کەسانی لێقەوماو | 11/10/2019
One Day with Orphans in Sulaimani

بەرواری ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ، دەزگای روانگە پڕۆژەی  "ڕۆژێک لەگەڵ منداڵانی بێ سەرپەرشت" بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت لە شاری  سلێمانی ئەنجام دا.

 دەزگای روانگە بە هاوکاری بەخشەرێکی تایبەت  ٨٢  منداڵی بێ سەرپەرشتی کۆکردەوە تاوەکو کاتێکی خۆشیان بۆ دەستەبەر بکرێت. منداڵەکان تەمەنیان لە نێوان (٧ بۆ ١٥ ساڵان) بوو و لە هەردوو ڕەگەز  بوون کە یەک یاخود دایک و باوکیان لە دەست داوە و ، لە پەیمانگەی تیم لە شاری سلێمانی كۆرسى پەرەدان بە تواناکان وەردەگرن، پلانەکە پێکهاتبوو لە دابینکردنی جل و پێداویستی قوتابخانە بۆ منداڵەکان هەروەها بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵیان.

کاتژمێر ١٠ی بەیانی منداڵەکان لە پەیمانگەی تیم کۆبونەوە و گەیشتن بە تیمی دەزگای روانگە، لەوێوەش بەرەو مۆڵێکی شارەکە کەوتنە ڕێ، چالاکییەکان بە خواردنی ژەمێکی نیوەڕۆ لەگەڵ منداڵەکان دەستی پێکرد لە یەکێک لە رێستۆرانتەکانی مۆڵەکە، دواتر بەسەربردنی ٢ کاتژمێری یاری کردن لە بەشی یاری منداڵان لە مۆڵەکە. دوای بەسەربردنی کاتێکی خۆشی یاریکردن و نەخشاندنی چەندین وێنەی ڕەنگاوڕەنگ لەسەر رووخساریان، سەردانی یەکێک لە براندەکانی جلوبەرگیان کرد بۆ دابینکردنی پێداویستی جل و بەرگ و پێڵاو بۆ منداڵەکان بە ئارەزووی خۆیان، دواتر سەردانی یەکێک لە رێستۆرانتەکانیان کرد بۆ وەرگرتنی پشوویەک، دوای پشووەکە، منداڵەکان لەسەر ستەیجی مۆڵەکە کۆبونە بۆ وەرگرتنی دیاریەکی دیکە، دەزگای روانگە پاکەیجێکی قوتابخانەی بۆ هەر یەک لە منداڵەکان ئامادە کردبوو کە پێکهاتبوو لە جانتا و پێداویستییە سەرەکییەکانی خوێندن.  لە کۆتایی پرۆژەکە منداڵەکان زۆر دڵخۆشبوون و توانیان رۆژێكى نایاب له‌گه‌ڵ تیمى ده‌زگاى روانگه‌ به‌سه‌رببەن كه‌ جیاوازبوو له‌ رۆژه‌كانى ترى ژیانیان. پڕۆژەکە تاکو کاتژمێر ٧ی ئێوارە بەردەوام بوو.

پڕۆژەی "ڕۆژێک لەگەڵ منداڵانی بێ سەرپەرشت" لە لایەن خێرخوازییەکەوە پاڵپشتی دارایی کرا کە لە بووە هۆی دڵخۆشی منداڵەکان و جێی دەستخۆشی لە لایەن دەزگای روانگە.