بەرواری ١٦ی ئایاری ٢٠١٩، دەزگای روانگە و قوتابخانەی لارای ناحکومی کەلوپەل و یاری بە بەهای ٨ هەزار دۆلاریان دابینکرد بۆ منداڵانی توشبووی شێرپەنجە لە ماڵی (جیم نێت) لە نەخۆشخانەی نانەکەلی.
جیم نێت باڵەخانەیەکی تازە دروستکراوە لە لایەن تۆڕی دکتۆرانی عێڕاق-یابان بە ئامانجی دابینکردنی شوێنی یاری، هونەر و وانە بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی.
پێشتر، قوتابخانەی لارای ناحکومی بە هاوبەشی دەزگای روانگە فیستیڤاڵێکی کۆکردنەوەی کۆمەکی ئەنجامدا، کە تێدا بڕی ٨ هەزار دۆلار کۆکرایەوە و بڕیاردرا دابینبکرێت بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە.
دوای فیستیڤاڵەکە، تیمێکی دەزگای روانگە بە هاوکاری قوتابخانەی لارای ناحکومی سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلیانکرد تاوەکو هەڵسەنگاندن ئەنجامبدەن. دواتر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە رێککەوتن بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی منداڵان بۆ ماڵی جیم نێت.
ئاری عەلائەدین، رێکخەری پشکەوتووی پڕۆگرامەکان لە دەزگای روانگە گوتی '' بەهۆی بەرزی پلەی گەرما، منداڵان ناتوانن لە باخچەی دەرەوەی نەخۆشخانەکە یاری بکەن، بۆیە پێویستیان بە شوێنی یاری هەبوو لە ناو ماڵی جیم نیت. هەروەها، کتێبخانە و ژوری هونەریان پێویستی بە کەلوپەل هەبوو و ئێمە بۆمان دابین کردن''.