بەهۆی باران بارین و رەشەباوە لە شاری سلێمانی ئاوارەکانی کەمپی عەربەت روبەرووی سەرگەردانی و بێ شوێنی حەوانەوە مانەوە و دەزگای ڕوانگەش دەستبەجێ خیوەت و کەلوپەلی پێویستی بۆ ئاوارەکان دابین کرد.
ئاوارەکانی کەمپی عەربەت لە شاری سلێمانی کە لەژێر خیوەتەکان ژیان بەسەر دەبەن بەهۆی باران بارین و تەوژمی رەشەباوە دووبارە بێ ماڵ و حاڵ مانەوە و لەسەر داواکاری بەرێوەبەرانی کەمپی عەربەت و دەرباز کردنی خێزان و منداڵانی دانیشتووی نێو کەمپەکە دەزگای ڕوانگە زیاتر لە ٢٥٠ خیوەتی بەخشیە ئاوارەکان تاوەکو بەدوور بن لە سەرما و سۆڵەی زستانەوە.
هەر لەگەل هاتنی رێژەیەکی زۆری ئاوارە بۆ شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی دەزگای ڕوانگە هەمیشە لە غەمی ئاوارەکان دابوە و لە نزیکەوە پێداویستییەکانیانی بۆ فەراهەم کردوون و کۆمەکی جۆراوجۆری پێبەخشیون.