دوابەدوای بەدواداچونی تیمەکانی دەزگای ڕوانگە لە کێشەو پێداویستیی ئاوارەکانی دانیشتوی سنوری پارێزگەی سلێمانی توانی ٢٦٠٠ ئاوارە کۆمەک بکات.
بەرواری ٣٠ی ئابی ٢٠١٥ نوسینگەی سلێمانی دەزگای ڕوانگە ٣٨٠ پاکێجی جلوبەرگ و ١٣٠ پاکێجی ناندنینی بەسەر ئەو ئاوارانە دابەشکرد کە ژمارەیان نزیکەی ٣٨٠ خێزان دەبوون لە شارەدێی تەکیەی کاکەمەند و ئاغجەلەر لە سنوری پارێزگەی سلێمانی.
ئەو ئاوارانەی کە لە تەکیەی کاکەمەند و ئاغجەلەر نیشتجێکراون زۆرینەیان ئێزیدی شنگال و هەندێکیشیان ئاوارەی شاری رومادی بوون کە بەهۆی توندتوتیژی و هەرەشەوە بە ناچاری لە ماڵ و شارو شارۆچکەکانی خۆیان وەدەرنراوون و روویان لە ناوچە ئارامەکانی کوردستان کردوە.
شایەنی ئاماژەیە ئەم کەلوپەلو هاوکارییانە لەلایەن رێکخراوی ئێل ئۆ گی ئەڵمانی دەستەبەرکراوون و لە ڕێگەی دەزگای ڕوانگەوە گەیاندراونەتە دەستی ئاوارە و خاوەن پێداویستییەکان.
دەزگای ڕوانگە تاوەکو ئێستا بەرێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانییەوە توانیویەتی هاوکارییەکی زۆر لە ووڵاتان لە رێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوردەی کوردستان بکات بۆ کۆمەک کردنی کەسانی ئاوارە و لیقەوماو. ئەو رێکخراوانەش بریتیین لە ( ئێل ئۆگی، ئای ئێم سی، مانگی سوری ئیماراتی، دەزگای کارفوور، گی ئای زێد، یونیسێف،دەزگای خەلیفە بن زاید ئەلنهیان و چەندای دیکە.