دەزگای ڕوانگە لە درێژەی بەخشینی کۆمەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارە و لێقەوماوان ئێزیدییە ئاوارەکانی لالشی بەسەر کردەوە.
بەرواری ٢٦ی ئابی ٢٠١٥ دەزگای ڕوانگە ئەو کۆمەکەی لە ووڵاتی ئیتالیاوە لەلایەن رێکخراوی میوزیک بۆ ئاشتی بە دەست گەیشت بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکانی کوردستان بە گشتی و ئێزیدییەکان بەتایبەتی گەیاندە پەرستگەی لالش لە شێخان و بە ئامادەبوونی ( بابە چاوش ) هاوکارییەکانی بەسەر ئەو خێزانە ئاوارانە دابەش کرد کە بەهۆی بێ ماڵ و حالی لە پەرستگەی لالش داڵدەدراون.
بابە چاوش وەک کەسێکی پایەبەرزی ئاینی ئیزیدییەکان لە رێورەسمی دابەشکردنی هاوکارییەکان دوابەدوای سوپاسگوزاری خۆی بۆ هاوکارییەکانی دەزگای ڕوانگە و کۆمەکە نێودەوڵەتییەکان ووتی: “ئاینی ئێزیدی ئاینێکی مرۆڤ دۆستانە و ئاشتی خوازە و رێز لە بەهای هاوکاری و بەیەکەوە ژیانی نێوان ئاین و مرۆڤ و نەتەوەکان دەگرێت”.
هاوکارییەکان بریتیبوون لە: ( خێوەتی تایبەت بۆ خێزانەکان و بۆنەکان، جلوبەرگی جۆراوجۆر، دایبی و یاری منداڵان ).
دەزگای ڕوانگە لەسەرەتای دروستبوونی شەرو ئاژاوەی تیرۆرستان و داگیرکردنی موسڵ و ناوچە ئیزیدیی و مەسیحیە نشینەکان بەردەوام هاوکاری و کۆمەکی بەخشیوەتە کەسە ئاوارە ولیقەوماوەکان و لە نزیکەوە پێداویستیەکانیانی بۆ دابین کردوون.