رێکخراوی میوزیک بۆ ئاشتی بە هەماهەنگی دەزگای ڕوانگە لە وولآتی ئیتالیاوە هاوکاری و کۆمەکی تەندروستی و خۆراک و کەلوپەلی نێوماڵیان هاوردەی کوردستان کرد و لە رێورەسمێکی تایبەتدا رادەستی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیان کرد.
بەرواری ١٨ی ئابی ٢٠١٥ رێکخراوی میوزیک بۆ ئاشتی لە رێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەزگای ڕوانگەوە چوار کۆنتێنەری هاوکاری بە رێگەی سنوری ئیبراهیم خەلیل گەیاندە هەرێمی کوردستان. دوای گەیشتنی کۆمەکەکان دوو کۆنتێنەری پڕاوپڕ لە داودەرمان و کەلوپەلی نوژداری لە رێورەسمێکدا بەرواری ٢١ی ئابی ٢٠١٥ رادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک سەر بەوەزارەتی تەندروستی کرا.
دوو کۆنتێنەری دیکەش کە بریتی بوون لە خۆراک و جلوبەرگ و کەلوپەلی خوێندن بۆ قوتابیان و چەندان پێداویستی دیکەی جۆراوجۆری نێوماڵ رادەستی دەزگای ڕوانگە کرا تاوەکو لە نزیکەوە بیگەیەنێتە دەستی ئاوارە و کەسانی خاوەن پێداویستی لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆمەک کردنی ئاوارەکان و هەژار و لیقەوماوان لە رێگەی رێکخراوی میوزیک بۆ ئاشتی لە هەوڵە بێ ووچانییەکانی دەزگای ڕوانگەوە بووە کە هەمیشە سەرنجی رێکخراو و دەزگا نێودەولەتییەکانی راکێشاوەتە کوردستان وتا لە نزیکەوە پرۆژە و چالاکی خزمەتگوزاری مرۆیی ئەنجام بدەن.
رێکخراوی میوزیک بۆ ئاشتی بنکەی سەرەکییان لە ووڵاتی ئیتالیایە و ساڵانە لە شاری ( جەنەوە ) فیستیڤاڵێکی خێرخوازی ئەنجام دەدەن بەمەبەستی کۆکرندەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئەو ووڵاتانەی کە رووبەرووی هەژاری و نەداری بوینتەوە جا بەهۆی شەڕ و تەنگەژەوە بێت یاخود هەر کارەساتێکی سروسشتی و مرۆیی کە بووبێتە هۆکاری لێقەومانی خەڵکەکەی.
ئەوەی ئەمرۆش لە عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دەگوزەرێت هەبوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانە کە بەهۆی شەرو ئاژاوەوە لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەر بووینە و تووشی گرفتی برسێتی و بارودۆخێکی خراپ بووینتەوە.
شایەنی ئاماژەیە دەزگای روانگە لە ماوەی پێشوودا توانی لە رێگەی ریکخراوی ئێڵ ئۆ گی و گی ئای زێدی ئەڵمانی و رێکخراوی ئێم ئای سی نێودەوڵەتی و یونسێفەوە بە سەدان تەن خۆراک و پێداویستی رۆژانە لە جیهاندا بهێنێتە کوردستان تاوەکو کۆمەک و هاوکاری کەسە هەژار و لیقەوماوەکان بکات.