لە درێژەی کۆمەک و هاوکاری کردنی کەسوکاری شەهیدانی بەرگری لە خاک و نیشتیمان، دەزگای روانگە هاوکارییەکانی گەیاندە دەستی خێزان و کەسوکاری شەهیدانی دەڤەری بادینان.
دەزگای روانگە بەرواری ٩ی ئابی ٢٠١٥ لە دەستپێکی کۆمەک کردنی کەسوکاری شەهیدانی دەڤەری بادینان، لە رێورەسمێکی شایستەدا لە قەزای زاخۆ بڕی ١٠٠٠ دۆلار و رێزنامەی دەزگای ڕوانگەی بەخشیە ئامادەبوان و کەسوکاری شەهیدان. رێورەسمی رێزلێنان و هاوکاری کردنی کەسوکاری شەهیدان لە هۆلی شارەوانی لە قەزای زاخۆ بە ئامادەبوونی قائیمقامی قەزا و نوێنەرانی وەزارەتی کاروباری پیشمەرگە و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خێزانە سەربەرزەکانی شەهیدان بەڕێوە چوو.
باوکی شەهید نەشوان خواجە بە چاوێکی پڕ لە حوزن و ناخێکی شکۆدارەوە ووتی: ” هەرچەندە دڵگرانین بە لە دەستدانی خۆشەویستەکانمان، بەڵام مادام لە پێناو پاراستنی خاک و نیشتیمان و شەرفی گەلەکەمانە ئێمە بەشەهیدبونیان سەربەرزین. بەهیوام حکومەت و هەموولایێک هاوسۆزی کەسوکاری شەهیدان بن و بەتایبەتیش لاوانی ووڵاتەکەمان کۆچ نەکەن و بەرگری لە خاک و نیشتیمانی خۆیان بکەن بەتایبەت لەم ساتە ناسک و دژوارەدا”
هاوکاریی کەسوکاری شەهیدان، پرۆژەی کۆکردنەوەی کۆمەک بوو لەلایەن دەزگای ڕوانگەوە لە رێگەی ئەنجامدانی چەند چالاکییەک لە ناوەوە و دەروەی وولآت بەمەبەستی کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ پیشمەرگە و کۆمەک بۆ کەسوکاری شەهیدان و لە کۆتایی هەڵمەتەکەشدا تونارا بۆ ١٢٠٠ خێزانی شەهید لە زاخۆوە تادەگاتە خانەقین بڕی ١٠٠٠ دۆلار و رێزنامەیەک دەستەبەر بکات.