بە مەبەستی هاندانی زیاتر و پشتگیری لاوانی خۆبەخش لەنێو ئاوارەکاندا بۆ خزمەتکردنی خۆیان و کۆمەڵگە بەگشتی، دەزگای روانگە لە چالاکییەکدا دەرفەتی زیاتر دەبخشێتە ئەو گروپ و لاوانەی کە مەبەستییانە لە رێگەی کار و پڕۆژەی خۆبەخشییەوە پەیام و هەستی مرۆڤایەتی و دڵسۆزیان بە کۆمەڵگە بگەیەنن.
بەرواری ١٩ی شوباتی ٢٠١٨ دەزگای روانگە لە سەنتەری کۆمەڵایەتی کەمپی کەبەرتۆ ١ لە پارێزگای دهۆک دەرفەتی بۆ ٦٠ لاوی خۆبەخش رەخساند کە کار و چالاکییە خۆبەخشییەکانیان بەمەبەستی گەیاندنی خزمەت بە دانیشتوانانی نێو کەمپەکە و رێکخرا و لایەنەکانی نێو کەمپەکە کار دەکەن نمایش بکەن، کە دەرئەنجامی چەندین چالاکی جۆراوجۆری وەک خولی چنین، وێنەکێشان، دوورینی جلوبەرگی بووکێنی بوو.
لەپاڵ پیشکەش کردن و نمایشکردنی کارو چالاکییەکانیان خۆبەخشەکانی کەمپەکە چەندین خول و راهێنانی پەروەردەیی و هەڵمەتی هۆشیارکردنی لاوانی کەمپەکە لەخۆگرتبوو، کە مەبەست لێی هاندان و پشتگیری کردنیان بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکی لەم جۆرە بە ئامانجی چاندنی تۆی گیانی خۆبەخشی لە نێو لاوان و دانیشتوانانی نێو کەمپەکە و پاڵپشتیان بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنیان لە نێو کۆمەڵگەدا.
ئەمیر ئەجاج سمۆ یەک لە بەشداربووانی پڕۆژەکە لە نێوکەمپەکەدا گووتی: "زۆر خۆشحالم کە وەک خۆبەخشێک کار دەکەم کە مانایەکی قوڵی هەیە بەلای منەوە. کارکردن وەک خۆبەخشێک هەستی بەرپرسیارێتی ئەوەم پێدەبەخشێت کە هاوکاری کۆمەڵگەکەم بکەم و ئەزموونی خۆم پیشان بدەم بۆ هاندان و پاڵپشتی کردنی لاوانی دیکەی نێو کەمپەکە".
لایەنێکی دیکەی چالاکییەکە چەختکردنەوە بوو لەسەر ئەو دایک و باوکانەی کە زۆر هاندەر و پاڵپشت نین بۆ ئەوەی نەوەکانیان بخزێنە نێو کاری خۆبەخۆشییەوە، هەر بۆیە چالاکییەکە پیشاندانی سوودەکانی کاری خۆبەشی و هەروەها کارییگەرییە ئەرێنیییەکان لەسەر بەرەوپێشچوونی کەمپەکە روونتر کردەوە.
ئەڤیڤان نەجمەن بەڕێوەبەری سەنتەر گووتی:" ئێمە وەک کارمەندانی دەزگای روانگە لەگەڵ خۆبەخشەکان بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە بەیەکەوە کارمان کرد، کە پیشاندانی نمونەیەکی زۆر جوانی بەیەکەوە کارکردن بوو بۆخۆمان وخەڵکانی تر بۆ کارکردن و جێبەجێکردنی چالاکییەکان بەیەکەوە.
شایەنی ئاماژەیە دەزگای روانگە بە پاڵپشتی دارایی رێکخراوی جی ئای زێدی ئەڵمانی شەش سەنتەری کۆمەڵایەتی لە نێو شەش کەمپی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەبات کەبۆرتە١ یەکێکە لەو کەمپانە.