دەزگای روانگە سیمیناری یاسای هاتوچۆ بۆ ئاوارەکان سازدەکات

کەسانی لێقەوماو | 9/2/2018
Rwanga Foundation holds a Seminar on Traffic Law for IDPs

بەمەبەستی ئاشنابوون بە یاساکانی هاتوچۆ و سەلامەتی گیانی خۆیان و کۆمەڵگەی کوردستانی دەزگای روانگە شەش سیمیناری سەبارەت بە یاساکانی هاتوچۆ لە شەش کەمپی سنوری پارێزگای دهۆک بۆ ئاوارەکان بەئەنجام گەیاند.

سیمینارەکان لە بەرواری ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ تا بەرواری ٨ی شوبات بەردەوام بوو. کەمپەکان بریتیبوون لە چامیشکو، باجیدکەندالە، شارییە، كابارتۆ یەک، کابارتۆ دوو، کۆمەڵگەی روانگە).

ئامانج لە سیمینارەکان هۆشیارکردنەوە و زانیاری بەخشین بوو بەو ئاوارانەی کە لە دەرەوەی شارەکان و دێهاتەکاندا ژیاون و ئێستاش لە شارێکی گەورەی وەک دهۆک و زاخۆ ژیان بەسەر دەبەن و زۆربەشیان خاوەنی ئۆتۆمبێلن.

پارێزەر و رێکخەری سیمینارەکان ( نور مسعود گووتی: بەشداربووانی سیمینارەکە زانیاری زۆر و گرنگیان پێبەخشرا سەبارەت بە یاساکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان بۆ سەلامەتی خۆیان و دەووروبەریان. بەتایبەت بۆ ئەو لاوانەی کە بێ هیچ زانیارییەکی یاسای هاتووچۆ ئۆتۆمبێل لێدەخورن و زۆر کاتیش بۆتە مایەی رووداوی هاتووچۆی دلتەزێن و مەرگەسات.

تەواوی سوودمەندبووان بریتییبوون لە ٤٨١ کەس و کە زۆرینەیان لاو و مێردمنداڵبوون. مەروان خمر یەکێک لە بەشداربووان گووتی: "من ئۆتۆمبێلم هەیە، بەڵام مۆڵەتی شوفێریم نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لەو زانیارییە یاساییانەی هاتووچۆم نەبوو و پێم وانەبوو کە ژیانم بەم شێوەیە لە ترسناکیدایە. هەر بۆیە بڕیارم دا کە بەهیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێلەکەم لێنەخوڕم تاوەکو مۆڵەتی شوفێری بەدەست دەهێنم".

یاسای هاتووچۆ وەک هەر یاسایەکی تر گرنگی خۆی هەیە بۆ کۆمەڵگە و پێویستیە هەمیشە ئەم یاسا و زانیارییانە بۆ تاکەکانی کۆمەلگە بە هەموو چین و توێژەکانیانەوە روون بکرێتەوە بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان و پاراستنی ژینگە.