بەبۆنەی هاتنی جەژن و بەسەرکردنەوەی منداڵە بێسەرپەرشتەکان و ئاگاداربوون لە باروگوزەرانیان دیاری هەمەجۆر لەلایەن دەزگای ڕوانگەوە بەخشرایە منداڵانی بێسەرپەرشت لە خانەی نێوجەوانانی هەولێر.
بەرواری ١٦ی تەمموزی ٢٠١٥ دەزگای ڕوانگە وەک ئەرکێکی مرۆیی دیاری هەمەجۆری بەخشییە ئەو منداڵانەی کە بەهۆی بێ ماڵی و بێلانەیی لە کۆمەلگەی چاودێری کۆمەڵایەتی کەپێی دەگوترێت خانەی نێوجەوانانی کوران و کچان نیشتەجێن.
ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکی دەزگای ڕوانگە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ژیان و بارو گوزەرانی منداڵانی خانەی نێوجەوانانی هەولێر، سەردانی کۆمەڵگەی چاودێری کۆمەلآیەتی کردو لە نزیکەوە لە پێداویستی و داخوازی و ئارەزووەکانی منداڵانی ئەم خانەیەی کۆڵییەوە و بەپێی داواکارییەکانیان پێداویستییەکانیانی بۆ فەراهەم کردن. ئەمجارەش دەزگای ڕوانگە بەبۆنەی هاتنی جەژن و بێبەش نەبوونی مندالان لە دیاری و ناز و خۆشەویستی چەند دیارییەکی هەمەجۆری وەک ( لاپتۆپ، مۆبایل، ئایپاد و یاری جۆراوجۆری منداڵان ) لەسەر داواکاری خۆیان وەک دیاری بەخشیە منداڵە چاوگەشەکان و ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت بزەو خەندەی خستە سەر لێوانی ئەو منداڵانەی کە بەهۆکاری جۆراوجۆری کۆمەڵایەتییەوە بێبەشکراون لە ژیانی ئاسایی منداڵێتیان ولە نازو خۆشەویستی دایک و باوکیان دابرێندراون و لەم کۆمەڵگەیەدا نیشتەجێکراون.
خانەی نێوجەوانانی کوران و کچانی هەولێر ١٤٨ منداڵی کوڕ و ١٤٣ منداڵی کچ لە خۆدەگرێت و تەمەنیشیان لە نێوان ٥ تاوەکو ١٨ ساڵانە و زۆربەیان بەهۆی نەبوونی دایک و باوک یان نەگونجانی ژیانێکی ئاسایی لە نێوخێزانەکانیاندا لە کۆمەڵگەی چاودێری کۆمەلآیەتی ژیان بەسەر دەبەن.