دەزگای روانگە سیمینارێک بۆ ئاوارە ئێزیدییەکان ئەنجامدەدات

کەسانی لێقەوماو | 10/12/2017
Rwanga Foundation Holds a ‘Genocide Seminar’ for Ezidis

بەرواری ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ ناوەندی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی روانگە سیمینارێکی سازکرد سەبارەت بە جینۆساید بۆ ئاوارە ئێزیدییەکانی گوندی کۆچۆ،کە ئێستا لە کۆمەڵگەی روانگە لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن.

لە سەرەتای سیمینارەکەدا ئامادەبووان ساتێک وەستان بۆ گیانی ئەو شەهیدانەی لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش گیانیان فیداکردووە. دواتر حوسێن قاسم، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری جینۆساید دەستی بە سیمینارەکە کرد. سیمینارەکە بەشێک بوو لەو هەڵمەتە نێودەوڵەتییەی لەسەرتانسەری جیهاندا ساڵانە لە ٢٥ی تشرینی دووەمەوە تاوەکو ١٠ی کانوونی یەکەم لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەشێوازی جۆراو جۆر ئەنجامدەدرێت.

لە سیمینارەکەدا ١٦٥ کەس ئامادەبوو و چالاکانە لە رێگەی وەرگرتنی زانیاری و پرسیار و وەڵام بەشداربوون.  مەحمود شەمۆ، یەکێک لە بەشداربوانی سیمینارەکە گوتی '' زۆر گرنگە ئەم جۆرە زانیاریانەمان هەبێت سەبارەت بە جینۆساید. هیوادام چالاکی زیاتری لەو جۆرە هەبێت. پێویستە زیاتر هۆشیاری بڵاوبکەینەوە لەم جۆرە و بزانین چۆن کاربکەین لە دژی جینۆساید''.

ئامانجی سیمینارەکە بریتیبوو لە پێناسەکردنی ''جینۆساید'' هەروەها ناساندنی لایەنە یاساییەکانی مافی هەر تاکێک لە دژی جینۆساید. هەروەها چۆنییەتی پەیوەندی کردن بە حکومەت و رێکخراوەکان سەبارەت بە چۆنییەتی رووبەڕوو بونەوەی جینۆساید لە سیمینارەکەدا باسکران.

حوسێن قاسم لە سیمینارەکە جەختیکردەوە لەوەی کە '' ئێمە بەبەردەوامی کار لەسەر فایلەکانی جینۆساید دەکەین و هەوڵدەدەین  دەستەواژە یاساییەکان پێناسە بکەین. هیوادارم بتوانین بەردەوام لە رێگەی ئەم چالاکیانەوە خزمەتێک بکەین بە هاووڵاتیان تاوەکو سود بە ئەوان بگەیەنین''.

بەپێی 'نوسینگەی راوێژکاری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگەگرتن لە جینۆساید' پێناسەی یاسایی جینۆساید بریتییە لە '' هەرکردارێکی سەرکوتکردن و لەناوبردن (بەتەواوی یان بەشێکی)گروپێکی نەتەوەیی، کەمەنەتەوەیی، رەگەز یاخود ئاینی وەکو: کوشتنی ئەندامان ، ئازاردانی جەستەیی ئەندامان، لەناوبردنی گروپەکە، رێگە گرتن لە منداڵبوون لە ناو گروپەکە یاخود گواستنەوەی منداڵان لە گروپێکەوە بۆ گروپێکی دیکە''.