ئێوارەخوانێک روانگە و کارفوور و بەساڵاچوان کۆدەکاتەوە

کەسانی لێقەوماو | 12/7/2015
Dinner brings Rwanga, Carrefour and Kurdish elderly Together

هەر لەگەڵ گوێبیستبوونی ووشەی بەساڵاچوو راستەوخۆ وێنەی کەسانێکی پیر و پەککەوتە و بێئومێد و هیوا بڕاو لە هزرمان وێنە دەکەین. کەسانێک کە ماڵئاواییان لە ژیان و پێکەنین و دوارۆژ کردوە و وەک مردویەکی زیندوو مامەڵە دەکەن. بەڵام هەر لەگەل پێخستنە نێو کۆمەڵگەی بە ساڵاچوانی هەولێر، هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە، بەڵکو لە رووخساری ئەو کەسە بەناو بەساڵاچوانە هیوایەکی تر و هێزێکی تری بەرگری و هەوڵدان بۆ دوارۆژێکی باشتر لە ناخماندا چێ دەکرێت.

هایپەر مارکێتی کارفوور بە هەماهەنگی دەزگای ڕوانگە بەرواری ٩ی تەمموزی ٢٠١٥ ئێوارە خوانێکی بۆ کۆمەلگەی بە ساڵاچوانی شاری هەولێر ساز کرد و ئەمجارەیان لە بڕی کەسو کاریان تیمەکانی ڕوانگە و کارفوور لە بەربانگی رۆژوو شکاندنی مانگی رەمازاندا هاو سفرەی دانیشتوانانی کۆمەڵگەکە بوون.

مامۆستا ئەحمد خدر تەمەن ٧٠ ساڵ دەرچووی پەیمانگەی هونەرجوانەکانی بەغدا و ژەنیاری ئامیری عود کە بۆ ماوەی تەنها حەوت مانگ دەبێت لەم کۆمەلگەیەدا ژیان بەسەر دەبات بە خەندە شیرینەکەی و نیگا پڕ لە حوزنەکەی ووتی: ( ” من خاوەن ماڵ و حالی خۆمم و خانویەکی گەورەم هەیە بەڵام بێکەس و بێ هاودەم هەر وەک ئەوە وایە من لە چۆلەوانی ژیان گوزەر بکەم. هەر لەسەرەتاوە ژیانی هاوسەرگیریم پێکنەهێناوە وخاوەنی خێزانێکی تایبەتی خۆم نیم. خوشک و برام هەبوون بەڵام ئەوانیش کۆچی دواییان کرد و بەتەنها منیان جێهێشت، بۆیە رووم لەم کۆمەڵگەیە کرد هەر هیچ نەبێت چەند کەسانێک هەن کە خەمەکانی خۆمیان لەگەل باس بکەم”. )

لەم کۆمەلگەیەدا شێوە و تەمەنی جیاواز و هیواخوازی جۆراوجۆر بەر چاو دەکەون. موراد باڵ رەمەزان تەمەن ٦٥ ساڵ کوردی باکوری کوردستان و زیندانی سیاسی لە ووڵاتی تورکیا بە هیوایەکی زۆرەوە بۆ دوارۆژێکی گەش ووتی: ( ” من بۆ ماوەی حەوت ساڵ دەبێت لەم کۆمەلگەیە ژیان بەسەر دەبەم وەک ماڵی هەمیشیەیی لێهاتوە بۆ من. کەسوکارم هەمووی لە ووڵاتی تورکیا دەژین و هاوسەرەکەم کۆچی دوایی کردوە و منیش بە هیچ شێوەیەک ناتوانم بگەڕێمەوە تورکیا بەهۆی ئەنجام دانی چەند چالاکییەکی سیاسی لە رابردوودا. ئێستا حەزدەم لێرە دووبارە ژیانی هاوسەرگیری پێکبهێنمەوە و هیواخوازم کە هاوکارم بن بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ کە پێم وایە زۆرم لە ژیاندا ماوە ئەنجامی بدەم” ).

کۆمەڵگەی بەساڵاچوانی هەولێر هەرچەندە ژمارەی دانیشتوانانی هەمیشە لە گۆڕاندایە بەڵام لە حاڵی حازردا نزیکەی ٦٥ کەس لە خۆدەگرێت کە ٢٣ کەسیان ئافرەتن.

دادە خەمە ئافرەتێکی تەمەن نزیکەی ٨٠ ساڵ خەڵکی خانەقین و چاو و برۆ رەش و قسەخۆش و خۆش خو و باوەرڕ بەخۆبوو،  لە دەرفەتێکدا هەندێک باسی ژیانی خۆی بۆ کردین و ووتی: ( ” من هاوسەرەکەم دەمێکە کۆچی دوایی کردوە هیچ منداڵێکمان نەبوو و دوای کۆچی ئەو من لەلای کورو کچی براکانم دەژیام. ئەوان تا توانای چاودێری کردنی منیان هەبوو درێغیان نەکرد، بەڵام دواتر ئەوانیش کەوتنە نێو سەرقاڵی و کێشەی ژیانی خۆیان، بۆیە لە ئەنجامدا من دوا مەنزڵگەم بوە ئەم شوێنە. کەمێک نەخۆشم و رانی لای راستم شکاوە و ناتوانم بەتەواوی رێبکەم. ئەگەر قاچەکانم ئەرز بگرنەوە حەز بە گەڕان و سوڕان دەکەم بۆئەوەی بتوانم بچم بۆ هەمووشوێنێک بە ئارەزووی خۆم” ).

بە ووتەی چاودێران و سەرپەرشتیکارانی کۆمەڵگەکە زۆربەی پێداویستییەکانیان بۆ دابین کراوە بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانەوە ئەوانیش رووبەرووی چەند گرفتێک بووینەتەوە کە ناتوانن وەک جاران حەب و دەرمان و هەندێک پێدایوستی رۆژانەیان بۆ دابین بکەن. بەڵام سەردانێکی ئاوای وەک دەزگای ڕوانگە و کارفوور زۆر مانای لەلای دانیشتوانانی ئەم کۆمەلگەیە دروست کردوە. زۆر حەز لەم بەسەر کردنەوانە دەکەن و هەستی فەرامۆشکراوی لە ناخیاندا دەرەوێنێتەوە. ئەگەر بێتوو رێکخراوە مرۆییەکان بە سەردان کردن و هاوکارییەکی کەمیش بێت ئەم مرۆڤە لێقەوماوانە بەسەر بکەنەوە هەڵوێستێکی بەرزی مرۆڤانە دەنوێنن.

هەر لەگەڵ ماڵئاوایی کردنمان و دەرچوونمان لە کۆمەڵگەکەدا هەموویان دەستیان بەرزکردبۆوە و بە روویەکی خەندە ئامێزەوە ماڵئاواییان لێدەکردین و تەنها دەیانگووت ( ” تکایە بێبەشمان مەکەن لەم سەردانانەتان” ).