دەزگای روانگە پڕۆژەی کتێبی روانگە رادەگەیەنێت

پەروەردە | 10/6/2018
Rwanga Foundation Announces Rwanga Book Project

بەرواری١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨ دەزگاى روانگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر پرۆژەی کتێبی روانگەی راگەیاند بۆ هاندانى نووسەران بۆ بەشداریكردن لەڕێگەى نووسین. پڕۆژەكە كێبڕکێیەک سازدەكات لە نێوان نوسەران، کە لە کۆتایی پڕۆژەکەدا ساڵانە باشترین شەش کتێب هەڵدەبژێردرێن و لەسەر ئەرکی دەزگای روانگە چاپدەکرێن.

پڕۆژەکە لەژێر دروشمی 'خوێندنەوە بۆ پیشەنگبوون' ساڵانە ئەنجامدەدرێت. ئەمساڵ پڕۆژەکە تیشک دەخاتە سەر کتێبی پەروەردەیی بۆ منداڵان. هەروەها پێویستە کتێبەکان لە چوارچێوەی بابەتەکانی (ئومێد و ئایندە، كولتور و مێژوو و کەلەپوری كوردستان، و       تەكنەلۆژیا و ژیانى رۆژانە).بن  کۆی گشتی ژمارەی چاپەکان ٦٠٠٠ چاپ دەبێت، هەرکورتە چیرۆکێک ١٠٠٠ دانەی لێ چاپدەکرێت بەشێوازی رەنگاورەنگ و لە بڵاودەکرێتەوە.

ئامانجی پڕۆژەکە بۆ ئەمساڵ هاندانى نووسەرانە بۆ نووسینى كورتەچیرۆكى پەروەردەیى بۆمنداڵان، فەراهەمكردنى سەرچاوەى زیاتر بۆ پەروەردەى منداڵان جیا لە سەرچاوەكانى قوتابخانە، و هاندانی خولیاى خوێندنەوەیە لەنێو منداڵان.

داستان قادر،بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان لەدەزگای روانگە، لە کاتی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا تیشکی خستە سەر مەرجەکانی پڕۆژەکە و گوتی '' پێویستە درێژى چیرۆكەکە لەنێوان ٢٠٠٠ (٢ هەزار) تاكو ٣٠٠٠ (٣ هەزار) وشە بێت و پێذتر بڵاونەکرانێتەوە. هەروەها دەزگاى روانگە دیزاینى كورتەچیرۆكە براوەكان دەكات تاوەکو بەوێنەوە بڵاوبکرێنەوە.''

دوابەرواری پێشکەشکردن بۆ پڕۆژەکە بریتییە لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠١٨. هەروەها پڕؤژەسەی هەڵسەنگاندن لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٨ دەستپێدەکات و دواتر لە مانگی کانوونی یەکەمی٢٠١٨  رێورەسمی پێناساندن و بڵاوكردنەوەى كتێبەكانیان ئەنجامدەدرێت.

 

بۆزانیاری زیاتر سەبارەت بە پڕۆژەکە، کلیلک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن.