دەزگای روانگە کۆتایی بە پڕۆژەی منداڵانی ئاشتی دەهێنێت

کەسانی لێقەوماو | 19/11/2017
Rwanga Foundation Completes the Children of Peace Project

بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی راگەیاندن، نزیکەی ٦٠٠ منداڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون و لە ناویاندا ٤٠٠ منداڵ راهێنانیان پێکراوە بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەی خۆکوژی.  هەروەها بەپێی راپۆرتەکان نزیکەی ٢٠٠ منداڵی یەزیدیی ژێردەستی داعش رزگارکراون.

بەرواری ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧، دەزگای روانگە بە هاوبەشی رێکخراوی Act Now Children’s Fund لە رێوڕەسمێکدا کۆتایی هێنا بە پڕۆژەی منداڵانی ئاشتی.

پڕۆژەی منداڵانی ئاشتی لەلایەن رێکخراوی Act Now Children’s Fund پاڵپشتی ماددی بۆ دابینکرا و لەلایەن دەزگای روانگەوە لە کۆمەڵگەی روانگە لە پارێزگای دهۆك جێبەجێکرا لە بەرواری ١ی حوزەیرانی ٢٠١٧ دەستی پێکرد تاوەکو تشرینی دووەمی ٢٠١٧. لە رێگەی پرۆژەکەدا بە راهێنانی هونەری و دەروونی هاوکاری پێشکەشکرا بە  ١٠٠ منداڵی رزگاربوو (تەمەنیان لە نێوان ٤ بۆ ١٧ ساڵە) ئێستا لە کۆمەڵگەی روانگە لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێن.

ئامانجی پڕۆژەکە هاوکاریکردن و پێدانی چارەسەربوو بۆ ئەو منداڵانەی کە کەوتبوونە ژێرفشاری دەروونی و توندوتیژی. لە پڕۆژەکەدا لە رێگای خولی هونەری و دەروونی چارەسەری گونجاویان بۆدەستەبەرکرا. منداڵەکان بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە ژێر دەستی داعش گیریان خواردبوو و کاریگەریە نەرێنیەکانیان بە روونی هەستپێدەکرا. لە ڕی ئەم پڕۆژەیەدا منداڵەکان دووبارە ئامادەکرانەوە تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکی تەندروست لەگەڵ خێزانەکانیان و کۆمەڵگەدا دەست بە ژیانێکی ئاسایی بکەنەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا عبدالسلام مەدەنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، نوێنەری پارێزگاری دهۆک و چەندین کەسایەتی دیکە ئامادەبوون.  کاوار سادیق،  سەرپەریشتیاری پرۆژەکە گوتی '' لەکاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە منداڵەکان زۆر دڵخۆشبوون و بە ئارەزووەوە میوزیکیان دەژەنی. ئەوە پیشاندەرێکی باشە کە بڵێین میوزیک و چالاکیەکانی دیکەی پرۆژەکە کاریگەری زۆریان هەبووە لەسەر دەروونی منداڵاکان و ئەزموونە تاڵ و ناخۆشەکانیان لەبیربکەن.''

لەماوەی رێورەسمەکەدا، منداڵەکان بەرهەمەکانی خۆیانیان نمایشکرد و ئەو میوزیکانەیان ژەنی کە لە ماوەی خولەکەدا فێرکرابوون.  یەکێک لە منداڵەکان بەشێکی لەو ئەزمونە تاڵەی خۆی باسکرد و دواتر گوتی '' خولی وێنەکێشان زۆر هاوکارم بوو تاوەکو هێمن ببمەوە و ژەنینی میوزیک بووە هۆی ئەوەی ئازارەکانم لە رێگەی ژەینینەوە دەرببڕم''. هەروەها لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا بڕوانامەی رێزلێنان بەخشرایە ئەو خۆبەخشانەی هاوکاری پرۆژەکەیان کردبوو.