لە چالاکییەکی مرۆییانەدا کۆمەکی ١٧٠٠٠ کەسی هەژار و لێقەوماو دەکرێت لە شاری هەولێر و دەورووبەری.
بەرواری ٨ی تەمموزی ٢٠١٥ دەزگای ڕوانگە بە هاوبەشی دەزگای مرۆیی خەلیفە بن زاید ئەلنەهیان کۆمەکی١٧٠٠٠ کەسی هەژار و لیقەوماویان کرد لە شاری هەولێرو دەوروبەری.
خاتوو چۆمان، یەکێک لەو کەسە هەژارانە بوو و بە دەستی پڕ لە خواردن و سیمایەکەی پێکەنیناوی ووتی: ” لە دڵەوە سوپاسی دەزگای ڕوانگە و هەر رێکخراوێکی تری خێرخوازی دەکەم بۆ دابین کردنی خواردن و پێداویستی بۆ ئێمە بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئێمە ئەم هاوکارییە بە رێزەوە وەردەگرین و خۆشحالین بەوەی کە ئێمەیان فەرامۆش نەکردوە و لە دژوارترین ساتدا بەسەرمان دەکەنەوە و بەهیواین ئەم هاوکارییانە بەردەوامی هەبێت”.
ئەم خێزانە هەژار و لیقەوماوانە هەندێکیان لە ڕەچەلەکەوە خەڵکی هەولێر و دەوروبەرین و بە هۆی هەژاری و کەم دەرامەتییەوە لە خانوە تەواو نەکراوەکانی دەوروبەری شاری هەولێر ژیان بەسەر دەبەن هەر وەک شاری زەیتون. هەندێکیتریش پێکهاتبوون لەو خێزانە ئاوارانەی کە بەهۆی شەڕ و کاولکارییەوە ماڵ و حالی خۆیان جێهێشتوە و لە شاری هەولێر و دەوروبەری نیشتەجێکراوون هەر وەک ئێزیدی، شەبەک و عەرەب.
جاسم محمد، کورە لاوێکی کوردی شەبەک کە بە رووخسارێکی ماند و تینو و دەم و لێوێکی ووشک هەڵگەراو نیگای دەکردە ئەو خواردن و کەلوپەلانەی کە ئامادەکرابوون بۆ دابەشکردن ووتی: ” ئێمە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ناچارکراین ماڵ و شوێنی خۆمان بەجێبهێلین. تەنانەت نەمان توانی نەک خواردن و پێداویستی بەلکو جلو بەرگی پێویستیش لەگەڵ خۆمان بهێنین و روومان لە شاری هەولێر کرد. ئەمڕۆ زۆر خۆشحالم کە دەبینین ئەم رێکخراوانە کۆمەکمان دەکەن و لە خەمی ئێمەدان”.
دەزگای ڕوانگە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە شێوازی جۆراو جۆر کۆمەک و هاوکاری بەخشیوەتە کەسانی لێقەوماو و خاوەن پێداویستی لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان و بەتایبەتیش ئەو ئاوارانەی کە ناچار کراوون ماڵ و حآلی خۆیان جێبهێلن و روو لە شارەکانی کوردستان بکەن.