دەزگای روانگە پاڵەوانیەتی تۆپی پێ بۆ ئاوارەکان ئەنجامدەدات

کەسانی لێقەوماو | 25/10/2017
Rwanga Foundation Brings IDPs and Football Together


ژمارەیەکی زۆر لەو ئاوارانەی لە کەمپەکاندا دەمێننەوە،  بەهۆی کەمی چالاکی و جوڵەیانەوە، دووچاری فشاری دەروونی دەبنەوە و کەمتر تێکەڵ بە  کەسانی دیکە دەبن. دەزگای روانگە لەرێگەی چالاکیەکانییەوە هەوڵدەدات کێشەکانیان چارەسەر بکات، تاوەکو چالاکبن و توانای پشتبەخۆبەستن و پەیوەندییە  کۆمەڵایەتیەکانیان بەهێز بکات.

 

بەرواری تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، دەزگای روانگە پاڵەوانیەتیەکی  دوو مانگی تۆپی پێی ئەنجامدا بۆ دوو کەمپی ئاوارەکان لە شاری دهۆک بەمەبەستی  بەهێزکردنی توانایان و بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکی و تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە.

پاڵەوانیەتیەکە لە نێوان کەمپی ئاوارەکانی کابارتۆ ١ و کابارتۆ ٢ لە ١٤ی مانگی ئاب-ەوە دەستی پێکرد و لە ١٢ی تشرینی یەکەم کۆتا یاری ئەنجامدرا، کە تێیدا ٢٥ تیپ یاریانکرد. هەروەها تێکڕای ٣٤٣ کەس لە تەمەنەکانی ١٥ ساڵی تاوەکو ١٨ ساڵی بەشداریان تێداکرد.

ئەڤیڤان نەجمان، بەڕێوەبەری ناوەندی کامپی کابارتۆ١ گوتی '' بەشداریکردن لە تۆپی پێ، بەهەمان شێوەی وەرزشەکانی دیکە، سودی زۆریتەندروستی هەیە. پاڵەوانیەتیەکە دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ ئاوارەکان تاوەکو چالاکبن و لە رووی تەندروستی و جەستەییەوە سودمەندبن. جیا لە سوودە تەندروستیەکان، پاڵەوانیەتیەکە دەرفەتێکی زۆر باشبوو بۆ بەهێزکردنی شارەزایی کۆمەڵەیەتیان و تێکەڵبوون و ئاشنابوون بە ئاوارەکانی کامپەکانی دیکە و بەهێزکردنی توانای کارکردن بەیەکەوە و کەمکردنەوەی فشاری دەروونی''.

پاڵەوانیەتیەکە بەشێکبوو لەو چالاکیانەی دەزگای روانگە کە لە رێگەی پرۆژەیەکەوە بۆ بەهێزکردنی پشتبەخۆبەستن و پشتگیریکردنی ئاوارەکان لە ٦ کامپی جیاواز لەشاری دهۆک ئەنجامیان دەدات. پڕۆژەکە لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی GIZ کۆمەککراوە و لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پشتگیری دەکرێت و لەلایەن دەزگای روانگە بەڕێوە دەبردرێت.