بەرواری ١ی حوزەیرانی ٢٠١٧، دەزگای روانگە بە پشتیوانی دارایی وەزارەتی هەماهەنگی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانی و رێکخراوی Help کۆتایی بە بەشی یەکەمی راهێنانی پیشەیی هێنا کە بۆ ژمارەیەک ئافرەت ئەنجامیدا لە شاری دهۆک تاوەکو پەرە بەتواناکانیان بدرێت و دەرفەتی کاری باشتریان هەبێت لە بازاڕدا.
پڕۆژەکە پەرە بە کارامەیی پیشەیی دەدات و ئامانجی راهێنانی ١٠٠٠ گەنجە لە بواری جیاوازدا. سودمەندانی پرۆژەکە بریتین لە گەنجانی شاری دهۆک، ئاوارە و پەنابەرانیش لەخۆدەگرێت تاوەکو گەشە بە توانا پیشەییەکانیان بدریت و بتوانن لە بازاڕدا کاری شایستەیان دەستبکەوێت.
بەشی یەکەمی راهێنانەکان لە ٢٧ی ئازار تاوەکو ٣١ی ئایار بەردەوام بوون و لە بەڕێوەبەرایەتی راهێنانە پیشەییەکان بەڕێوەچوون، کە تیایدا ٨٠ ئافرەت راهێنانی پیشەییان ئەنجامدا. ئەفرام ساوا، بەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆکی دەزگای روانگە گوتی " لەو ماوەیەدا دوو جۆر راهێنانی پیشەیی ئەنجامدران لە بوارەکانی بەرگدووری و جوانکاری ئافرەتان. هەروەها بۆزیاتر خزمەت گەیاندن بە بەشداربوان لە چوارچێوەی پرۆژەی روانگە فرص بەشداربوان فێرکران لە چۆنییەتی داڕشتنی سیڤی و خۆ ئاماداکردن بۆ چاوپێکەتن بۆ ئەوەی لە دەستکەوتنی هەلیکاردا بتوانن بەسەرکەوتوویی کارەکە وەدەست بهێنن''.
یەکێک لەو ئافرەتانەی بەشداری لە راهێنانی بەرگدووری کردبوو، زۆر خۆشحاڵبوو کە شارەزاییەکی باشی پەیداکردووە و هیواداربوو بتوانێت لەبازاڕی کاردا سەرکەتووبێت. ئەو گوتی '' دوای راهێنانە پیشەییەکان، زۆر گرنگە شارەزایی دیکەش پەیدابکەین بەتایبەتی چۆنیەتی داڕشتنی سیڤی و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان بەشێوازێکی سەرکەوتوو''
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧، لە رێورەسمێکی تایبەتدا واژوی گرێبەستی ٢٧ مانگی لە نێوان دەزگای روانگە و رێکخراوی نیودەوڵەتی Help لە نوسینگەی دەزگای روانگە بە فەرمی واژو کراو و بووە دەستپێکی پڕۆژەی گەشەسەندنی راهێنان و دەرفەتی پیشەیی بۆ لاوانی سنوری پارێزگای. راهێنانە پیشەییەکان بریتیین لە ١١ بەش کە بریتین لە: ( ئاسنگەری، چاکردنەوەی ئامێری مۆبایل، دارتاشی، چاکردنەوەی سپلیت، کارەبا، میکانینک، بەرگدووری، PVC، کۆمپیوتەر، سەرتاشین، کاری دەستی).