لە دڕێژەی کۆمەک کردنی کەسوکاری شەهیدانی بەرگری لە خاک و نیشتیمان دەزگای ڕوانگە لە قۆناغی دووەمی کۆمەک و بەخشینی هاوکاری بە کەسوکاری شەهیدان سلێمانی و هەڵەبجەی بەسەر کردەوە.
بەرواری ٢/٤/٢٠١٥ دەزگای ڕوانگە لە قۆناغی دووەمی هاوکاری و کۆمەک کردنی کەسوکاری شەهیدانی بەرگری لە سەروەری خاک و نیشتیمان لە شاری سلێمانی بەشێکی دیکەی لە خانەوادە سەربەرزەکانی شەهیدانی کۆمەک کرد کە بریتی بوون لە سلێمانی و دەوروبەری، سەیدسادق، شارەزوور، هەڵەبجە، پێنجوێن، شارباژێر و دوکان.
باوکی شەهیدێک بە چاوی پڕ ئەسرینەوە هەستی بەرزی خۆی پیشاندا و ووتی: ” راستە ئێمە ئەمرۆ ١٠٠٠ دۆلار و رێزنامەیەک لە دەزگای روانگە وەردەگرین و هاوکاری دەکرێین، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی شانازی و گرنگە ئەو هەستی بەرپرسیارێتییە کە دەریان بڕیوە بەرامبەر بەئێمە و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیان دەرببڕیوە بۆ ئێمە و نمونەیان زۆر بێت”.
دەزگای روانگە بۆ پشتگیری کردن لە هێزی پیشمەرگەی کوردستان و هاوکاری کەسوکاری شەهیدان لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بەئەنجامدانی چەندین چالاکی ناوەخۆیی و نێودەوڵەتی هەڵمەتیکی کۆمەک کۆکردنەوەی دەستپێکرد و لە بەرواری ٢٥/٣/٢٠١٥ یەکەمین قۆناغی دابەشکردنی کۆمەک و هاوکارییەکە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
شایەنی ئاماژەیە ئەم هەڵمەتی هاوکاری کردنەی کەسوکاری شەهیدان سەرجەم شاروشارۆچکەکانی کوردستان دەگرێتەوە و تیمەکانی دەزگای روانگە بە هەماهەنگی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەرنامە و کاری پێویستی بۆ ئەنجام دەدەن.