دەزگای روانگە و GIZ ١٦ قوتابخانە نۆژەن دەکەنەوە لە هەولێر و سلێمانی

پەروەردە | 27/3/2018
Rwanga Foundation and GIZ Renovate 16 Schools in Erbil and Sulaimani

قوتابخانە وەک مەنزلگای فێربوون و زانست و پەروەردە پێویستی بە ژینگەیەکی تەندروست هەیە تاوەکو مامۆستا و قوتابیان بتوانن زێتر گرنگی بە پرۆسەی خوێندن بدەن و لە کاروانی فێربوون و زانستدا دانەبڕێن.

بەرواری ٢٧ی ئاداری ٢٠١٨، دەزگای روانگە و رێکخراوی GIZی ئەڵمانی لە رێوڕەسمێکدا کۆتاییان بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ١٦ قوتابخانە هێنا و بە ئامادەبوونی د. پشتیوان صادق وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کورت ستوکل ستیلفرید کونسلی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر مارك ليفيسك، بەرپرسی گەشەپێدانی ئابوری و پرۆگرامەکانی گوزەران رادەستی وەزارەتی پەروەردە کرانەوە.

لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم، ده‌زگای روانگه‌ له ‌دوو پڕۆژه‌ی جیادا و به‌هاوبه‌شیی له‌گەڵ GIZی ئەڵمانی، رێككه‌وتن له‌سه‌ر نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك قوتابخانه‌ له‌ هەردوو پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی. لە هەولێر چوار قوتابخانه نۆژه‌نکرانەوە‌ كه‌ تیایاندا نزیكه‌ی ٣٢٠٠ قوتابی و مامۆستا ساڵانه‌ پرۆسه‌ی خوێندنی تێدا ئه‌نجام ده‌دەن. هەروەها لە سلێمانی دوازده‌ قوتابخانه‌ له‌ دەورووبەر و ناوه‌وه‌ی شار نۆژەنکرانەوە. له‌و قوتابخانانه‌، ژماره‌ی مامۆستا و قوتابیان ده‌گاته‌ نزیكه‌ی٦٠٠٠ بۆ هه‌ر ساڵێکی خوێندن.

تێکڕای سوودمەندبوانی پڕۆژەکە ٩٦٥٥ کەس بوون کە لە نیوانیاندا ٣١٥٩ قوتابی و مامۆستا لە شاری هەولێر بوون و ٦٠٣٢ مامۆستا و قوتابی شاری سلێمانی بوون. هەروەها پڕۆژەکە لە ماوەی چوار مانگی بەردەوامبوونی دەرفەتی کاری رەخساند بۆ ٢٦٨ کەس لە هەولێر و ١٩٦ کەس لە سلێمانی کە لە نێوانیاندا ئافرەت، خاوەن پێداویستی تایبەت و ئاوارە هەبوون.

دەشنێ فاتح، یەکێک بوو لە سوودمەندان و لە رێگەی پرۆژەکە کاری دەستکەوتبوو. ئەو گوتی "" تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم بێکاربووم، بەڵام ئێستا لە رێگە پڕۆژەکە کارم دەستکەوتووە. زۆر دلخۆشم چونکە ئێستا دەتوانم پێداویستیەکانی خۆم دابین بکەم و هاوکاری ماڵەوەش بکەم"".

پرۆژه‌كه‌ بریتی بوو له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و دابینکردنی پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی چوار قوتابخانه‌كه‌. ده‌رخسته‌ به‌ پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی قوتابخانه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانی ئه‌ندازیاریی ده‌زگای روانگه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌ت و كارگێری قوتابخانه‌كان سازكران. كاره‌كان به‌ پێی پێویست، چاككردنه‌وه‌ی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ و كاره‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كاره‌ كاره‌باییه‌كان و چاككردنه‌وه‌ی درز و كاری له‌بخكردن و بۆیه‌كردن و خاوێنكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كه‌ی گرتەوە.

جێگەی باسکردنە، ئەوە بۆ دووم جارە دەزگای روانگە و رێکخراوی GIZ پڕۆژەی لەم شێوەیە ئەنجام دەدەن. لە ساڵی ٢٠١٧، دەزگای روانگە بە پاڵپشتی دارایی رێکخراوی GIZ ٩ قوتابخانەی لە شارەکانی دهۆک و هەولێر نۆژەنکردنەوە. بواری پەروەردە یەکێکە لە چوار بەشە سەرەکییەکانی دەزگای روانگە و دەزگاکە لە پلانیدایە بەردەوامبێت لە پڕۆژەی لەم جۆرە و زیاتر فراوانکردنی.