کۆمەڵگەی ڕوانگە ٢٤٠٠٠ ئاوارە داڵدە دەدات

کەسانی لێقەوماو | 2/2/2015
Rwanga Community Accommodates 24,000 IDPs

کۆمەڵگەی ڕوانگە ٣٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی تیادایه‌ كه‌ توانای داڵده‌دانی ٢٤٠٠٠ ئاوارەی هه‌یه‌ و لە گوندی قادیای سنووری پارێزگه‌ی دهۆک لە لایەن دەزگای ڕوانگەوە به‌ نوێترین شێواز جێبەجێکراوە.

بەرواری ٢/٢/٢٠١٥ ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆمەڵگەی ڕوانگە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، هەر لەگەڵ ڕێوڕەسمەکەشدا چەندان خێزانی ئاوارە لە نێو کۆمەڵگەکەدا نیشتەجێ کران. یەکێک لەو خێزانانەی کە یەکەمین کلیلی دەرگای ماڵە نوێکەیان وەرگرت  ( ئیسماعیل نەمر ) بوو و کە ئەندامانی خێزانەکەی پێک هاتبوون لە ١٤ کەس و تاوەکو ئێستاش لە بالەخانەیەکی تەواو نەکراو لە شارەدێی زاخۆ لە ژوورێکی تەنگ و تاریکدا ژیان بەسەر دەبەن، هەر وەک خۆی گوتەنی هەر لە شێوەی گۆرێک دەچێت. بە چاویی فرمێسک تیادا قەتیس ماو و بزەیەکی گەرم لەسەر لێوانی گووتی: ” ئەوەی ئەمڕۆ من دەیبینم لە باوەرو و خەیاڵی مندا زۆر بە دوور بوو لەبەر ئەوەی هەرگیز نەم دەتوانی ئەو هیوایە بدەمە خۆم کە جارێکی تر من لەگەڵ خێزانەکەم دەتوانم لە شوێنێکی وەک ئەم کۆمەڵگەیەدا بژیم و دوای ئەو نەهامەتی و مەرگەساتەی بەسەرمان دا هات هەر هیچ نەبێت لە مافە سەرەتاییەکانماندا بێ بەش نەبین”.

کۆمەڵگەی ڕوانگە لە ٣٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە  کە بە شێوازێکی نوێ بە پریفاب دروستکراوە.  بۆ یەکەمین جاریشە دەزگایەکی مرۆیی و ڕێكخراوێكی کۆمەڵگەی مەدەنی  لە عێراق  بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی، بەم چەشنە  کۆمەڵگەیەک بۆ ئاوارەکان جێبەجێ بکات.

کۆمەڵگەی ڕوانگە  نزیکەی ٢٤٠٠٠ ئاوارە لە خۆدەگرێت و تەواوی ‌ پێداویستییه‌ گرنگەکانی وه‌ك: ئامراز و كه‌ره‌سته‌كانی حه‌سانه‌وه‌ و خه‌وتن و خواردن و لایه‌نی ته‌ندروستی و سه‌رگه‌رمی  و چەندان هۆكاری دیكه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی تیادا فه‌راهه‌م كراوه‌.

ئامانج  له‌ دروستکردنی کۆمەڵگەی ڕوانگە  بەم شێوازه‌ پێشکەوتووە ئه‌وه‌یه‌  ئەو ئاوارانەی تا  ئێسته‌ لە  له‌ كه‌مپه‌ جیاجیاكاندا و لە نێو قوتابخانە و باڵەخانە تەواو نەکراواەکاندا  له‌ بارودۆخێکی خراپی مرۆییدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، بگوازرێنەوە نێو ئەم کۆمەڵگەیە و کەمێک لە ئازار و نەهامەتییەکانیان کەم بکرێنه‌وە و پێداویستییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی باشتر بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت.

هەر لە نێو کۆمەڵگەی ڕوانگەدا بنکەیەکی تەندروستی و دوو قوتابخانە له قۆناغی جێبەجێکردنن بۆ ئەوەی نیشته‌جێبووانی نێو کۆمەڵگەیه‌کە لە تەندروستییەکی باش و پەروەردە و فێربوون بێبەش نەبن.

له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ و ئاواره‌بوونی هاووڵاتیانی عێراق و كوردستان، نزیكه‌ی ١.٦ ملیۆن كه‌س ڕوویان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان كردووه‌ و ٦٠% ئه‌و ڕێژه‌ ی ئاوارانه‌ش ‌ له‌ سنووری پارێزگه‌ی دهۆكدا نیشته‌جێ كراون كه‌  ٨٦٢٠٠٠ كه‌س ده‌بن.