زیادبوونی رێژەی بەرچاوی ئاوارەو پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی سیاسی و شەڕ و تەنگەژەوە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و سوریا، کۆنفرانسێکی دوو رۆژە تایبەت بەم پرسە لە شاری دهۆک ساز کرا و دەزگای ڕوانگەش بە فەرمی بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کرا.
بەرواری ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دەزگای ڕوانگە ئامادەی کۆنفرانسی پرسی ئاوارە و پەنابەرەکان بوو لە شاری دهۆک بەمەبەستی زیاتر لێدوان و شڕۆڤە کردنی پرس و کێشەی پەنابەران و ئاوارەکان و ئەرک و بەرپرسیارێتی رێکخراوە چالاکییە مەدەنییەکان و حکومەت و دەزگا ڕاگەیاندنەکان. کۆنفرانسەکە لە ١٧ی تشرینی دووەم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی دوورۆژ بەردەوام بوو کە لەلایەن ئۆپن ثینک تانک و کۆنراد ئەدینەور ستیفتۆنگ رێکخرابوو.
ئامانج لەم کۆنفرانسەدا زیاتر تیشکخستنە سەر جۆری پرۆژە و چالاکیە جێبەجێکراوەکان و کار و بەرنامەی داهاتوو بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپسێردراوەکان و ئەم بابەتانەی کە راستەوخۆ تایبەتن بە ژیانی ئاوارە و پەنابەرەکانەوە.
دەزگای ڕوانگە هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە لە ساڵی ٢٠١٣ بە شێوەیەکی بەردەوام هەماهەنگ و هاوکاری بەخشیوەتە کەسانی ئاوارە و پەنابەر کە لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێکراون لە دابینکردنی خۆراک و جلوبەرگ و پێداویستی رۆژانە تا دەگاتە دروست کردنی باغچەی ساوایان لە نێوکەمپەکان بۆ منداڵە ئاوارەکان و دروستکردنی کەمپێک بە شێوازی کابینە کە ٢٤٠٠٠ ئاوارەی شنگال و دەوروبەری لەخۆ گرتوە لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین خول و راهێنان بۆ گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان.