بەمەبستی هاوکاری کردنی ئەو ئاوارانەی لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری موسڵ ئاوارەبوونە و روویان لە هەرێمی کوردستان کردوە، دەزگای ڕوانگە جلوبەرگی زستانەی بەخشیە ١٢٠٠ منداڵی نیشتەجێبووی کەمپی خازر.
بەرواری ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ هەر لەگەڵ چوونە نێوکەمپی خازر سیما و روخساری ماندو و شەکەتی خێزانە ئاوارەکان باڵی کێشابووە سەر ناوچەکە و منداڵە بێنازەکانیش لە چاوەڕوانی و هیوای گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بوون. دەزگای روانگە بە هەماهەنگی دەزگای خێرخوازی بارزانی جلوبەرگی زستانەیان بەخشییە ١٢٠٠ منداڵی تازە ئاوارەبووی نێوکەمپی خازر، کە تەواوی خەرجی جلوبەرگەکان لەلایەن خاتو روئا ئەحمد شەوکەت پسپۆڕ لە چارەسەری دەروونی و سارە کەیفی چالاکوانی مەدەنی و چەند کەسانێکی خێرخواز و مرۆڤ دۆست دەستەبەر کرابوو. سەرەتای بیرۆکەکە لەلایەن خاتو روئا گەڵالە بوو بۆ هاوکاری کردنی ٣٠٠ خێزان بەڵام دواتر خاتو سارە و هاوەڵەکانی لە هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کۆمەکدا توانیان هاوکاری بۆ ١٢٠٠ مندال دەستەبەر بکەن.
ئامانجیش لەم هاوکاری بەخشینەدا پیشاندانی هاوسۆزی و پەیامی مرۆ دۆستانە بوو بۆ ئەو خێزان و منداڵانەی کە لە ماڵ و حالی خۆیان دەربەدەربوونە و لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما و سۆلدا ژیان و گوزەرانیان بەرەو دژوارتر دەچێت