دەزگای ڕوانگە هاوکاری ماڵە شەهیدەکانی شاری دهۆک دەکات

کەسانی لێقەوماو | 23/6/2016
Rwanga Foundation Supports Martyrs’ Families in Duhok


لە درێژەی هەڵمەتی هاوکارییەکانی دەزگای ڕوانگە بۆ خێزان و کەسوکاری  شەهیدە سەربەرزەکانی کوردستان، بۆ ئەمجارە کۆمەکی ٢٢٥ خانەوادەی شاری دهۆک و دەوروبەری کرا.

بەرواری ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٦ دەزگای روانگە لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا بە ئامادەبوونی کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکانی شاری دهۆک و ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و نوێنەری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، هاوکاری ١٠٠٠ دۆلار و رێزنامەیەکی وەفا و پێزانین پیشکەش بە کەسوکاری شەهیدەکان کرا.

دەزگای روانگە لە ئاداری ٢٠١٥ وەک پاڵپشتییەک بۆ کەسوکاری شەهیدان و نواندنی سەری رێز و نەوازش بۆ کۆشش و قوربانی رۆڵەکانی وولآت، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان ئەنجامدا، هاوکارییەکەش تایبەت بوو  بۆ خێزانی ئەو شەهیدانەی لە حوزەیرانی ٢٠١٤ تاوەکو کۆتایی ئاداری ٢٠١٥ گیانی خۆیان کردبوە قوربانی بۆ پاراستنی سەرورەی خاک و نیشتیمان.

لە مانگی نیسانی ٢٠١٥ تاوەکو ئێستا ئەم هاوکارییانە بەبێ جیاوازی بەسەر ئەو خانەوادانە دابەش دەکرێت لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان.

لەهەمانکاتدا دەزگای ڕوانگە هەڵمەتی سوپاس پێشمەرگە و بەرهەم هێنانی کورتە فیلمێک سەبارەت بە ژیان و خەبات و بەرخودانی پێشمەرگە و سوپاسگوزاری خەڵک و دانیشتوانانی کوردستان ئەنجامدا، بۆ ئەوەی پەیامی مرۆدۆستانە و لەخۆبوردوانەی پێشمەرگەکان لە کوردستان و جیهاندا بڵاوببێتەوە و زۆرترین پشتگیری بۆ ئەم قوربانیدانە دەستەبەر بکرێت لە سەرتانسەری دونیادا.