رێکخراوی گی ئای زێدی ئەڵمانی و رێکخراوی نێودەوڵەتی مۆڵتیسەر بە هاوبەشی رێکخراوی واحەی فەرەنسی دوو بنکەی تەندروستیان لە نێو کۆمەڵگەی روانگەدا جێبەجێ کرد بۆ ئاوارە ئێزیدییەکانی دانیشتووی نێو کۆمەلگەکە.
لە چەند رۆژی رابردوودا دوو بنکەی تەندروستی کە یەکێکیان تایبەتە بە منداڵ بوون و نەخۆشی ئافرەتان و ئەویتریشیان بنکەیەکی تەندروستی گشتییە بۆ ئاوارە ئێزیدییەکانی دانیشتووی نێو کۆمەڵگەی روانگە لە سنوری پارێزگەی دهۆک هاتە جێبەجێ کردن و رادەستی بەڕێوەبەرایەتی و کارگێری کۆمەڵگەکە کرا.
رۆلف ئولریچ کونسڵی گشتی حکومەتی فیدراڵی ئەلمانیا لە کوردستان کە ئامادەی رێورەسمەکە بوو تیشکی خستە سەر گرنگی کۆمەڵگەی روانگە بۆ داڵدەدانی ئاوارەکان بەگشتی و ئێزیدییەکان بەتایبەتی و گرنگی خزمەتگوزاریە مرۆییەکان لەلایەن رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و سوپاسی رێکخراوی گی ئای زێد و مۆلتیسەر و واحەی کرد بەبۆنەی دروست کردن و بە ئەنجام گەیاندنی دوو بنکەی تەندروستی بە شێوازێکی مۆدێرن و پێشکەتوو.
دواتر ڤۆلفگانگ فرسکی بەڕێوەبەری پرۆژەکانی رێکخراوی گی ئای زێد لە کوردستان ووتی:” بەئەنجامگەیاندنی دوو بنکەی تەندروستی دوابەدوای دروستکردنی قوتابخانەیەک بوو لە ساڵی رابردوودا بۆ دانیشتوانانی نێو کۆمەڵگەی روانگە و وەک پێویستییەکی حەتمی و سەردەمی دروستکراون تاوەکو تەندروستی ئاوارەکان پارێزراو بێت.
کۆمەلگەی روانگە لە شوباتی ٢٠١٥ لە سنوری پارێزگەی دهۆک بەشێوازی پریڤاب لەلایەن دەزگای ڕوانگە هاتۆتە جێبەجێ کردن و نزیکەی ٢٤،٠٠٠ ئاوارەی ئێزیدی لە خۆدەگرێت و قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و شوێنی وەرزش و یاری بۆ منداڵان و پەروەردەی لاوان و ئافرەتان تیایدا فەراهەم کراوە.