دەزگای روانگە سیمیناری '' ٥ رێسای سەرکەوتن''بۆ قوتابیان لە دهۆک ئەنجامدەدات

پەروەردە | 5/12/2017
Rwanga Foundation Delivers a Seminar on the ‘Five Rules to Success’

رۆڵی گەنجان لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و چارەسەرکردنی کێشەکان زۆر گرنگە.  هەروەها هاندانیان بۆ دۆزینەوەی رێگاکانی سەرکەوتن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ  بەهێزکردنی توانا و کاراماییەکانی گەنجان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە. 

 

بەرواری ٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ دەزگای روانگە بە هاوبەشی پەیمانگەی دهۆکی  تایبەت، سیمینارێکی پێشکەشکرد بە ناونیشانی '' ٥ رێسای سەرکەوتن'' بۆ قوتابیانی  پەیمانگەکە لە پارێزگای دهۆک.

سیمینارەکە لە لایەن عەبدالسلام مدنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، پێشکەشکرا و زیاتر لە ١٥٠ قوتابی پەیمانگەکە ئامادەبوون. هەروەها ئامانجی سیمینارەکە بریتیبوو لە هاندانی قوتابیان تاوەکو بەرپرسیارانە مامەڵەبکەن لە ژیانیاندا و ئاشنابن بەڕێگاکانی سەرکەوتن. هەروەها هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی خۆبەخشی کە رۆژێکی جیهانییەو ساڵانە بەشێوەی جیاواز بەرز ڕادەگیرێت بۆ هاندانی گەنجان لەسەرانسەی جیهان تاوەکو زیاتر کاربکەن لە پێناو گەشەپێدانی کۆمەڵگە.

 لەرێگەی چەند چالاکییەکی تایبەت، ئامادەبووان ئاشنا کران بە ''٥ رێسای سەرکەوتن''. رێسا یەکەمی سیمینارەکە نیشاندانی گرنگی بوو بۆ هەبوونی روانگەیەکی روون و بیرۆکەی تەواو بۆ کارکردن بەرەو ئامانجەکان. هەروەها توانستی تاک بۆ بنیادنانی جیهانێکی تایبەت لەلایەن هەر تاکێکەوە بە گوێرەی بارودۆخی کەسەکە رێسایەکی دیکەی سەرکەوتن بوو. هەروەها، هەبوونی بەرپرسیاریەتی تاکە کەسی بەگرنگییەوە باسکرا بۆ کارکردنە سەر کردار و دەرەنجامەکان. لە رێسا چوارەمی سەرکەوتن عەبدالسلام مدنی هانیدان تا بەردەوام لەگەڵ خۆیان لە پێشبڕکێدا بن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و زانستی زیاتر بۆ تێگەیشتن لە سەرکەوتن و گەیشتن بە ئەنجامی خوازراو لەلایەن تاکەوە. لەرێسای  کۆتاییدا، بۆ ئامادەبووان روونکرایەوە کە سەرکەوتن و ئامانجەکان لە رێگەی سەرنجی تەواو و بڕیاری تاکە کەسەکە بەدەست دەهێندرێت.

لە سیمینارەکەدا هانی ئامادەبووان درا تاوەکو بەردەوام کار بۆ ئامانجەکانیان بکەن و دۆخی ئێستای کوردستان نەبێتە پۆزشێک بۆ بێ هیوابوون و وەستانیان لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان.  مدنی لە کۆتایی سیمینارەکەدا گوتی '' رێگە مەدەن کەسێکی دیکە  بڕیار لەسەر داهاتووی تۆ بدات! ئامانجەکانت دیاری بکە و کاری بۆ بکە''.

هەڵات یەکێک بوو لە بەشداربوانی سیمینارەکە. ئەو گوتی '' بە بیروڕای من، ئێمەی گەنج کەسانی وەک مدنی-مان پێویستە تاوەکو لە رێگەی ئەم جۆرە سیمینارانەوە گەنجان گەشبین بکات و ببێتە رێگە نیشاندەرێک بۆ بەهێزکردنی تواناکانمان.''