رێوڕه‌سمی به‌كۆتاهاتنی پڕۆژه‌ی كید زۆن له‌ قووشته‌په‌ به‌ڕێوه‌چوو

کەسانی لێقەوماو | 22/6/2014
Grand Opening of KidZone Project at Qushtapa Camp

  ئه‌مڕۆ ٢٢ی حوزەیرانی2014 رێوڕەسمی به‌كۆتاهاتنی پڕۆژه‌ی  کیدزۆن به‌ڕێوه‌چوو كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای روانگه‌  به‌هاوكاریی مانگی سووری ئیماراتی بۆ ئاوارەکانی خۆرئاوای کوردستان لە کەمپی قوشتەپە ئه‌نجامدرابوو، له‌هه‌مان كاتیشدا رادەستی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا. له‌ رێوڕه‌ره‌سمه‌كه‌دا  هه‌ریه‌كه‌ له‌ فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری -هه‌ولێر- سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان و شێخ راشد المنسوری، كونسلی گشتیی ئیمارات لە کوردستان و دیندار زێباری، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەره‌وەی حكوومه‌تی هەرێم بۆ کاروباری نەتەوە یەکگرتوەکان و عەلی عەودی، بەڕێوەبەری گشتیی پەرورەردەی دەوروبەر و کامەران حەسەن، بەڕێوەبەری شاره‌دێی قووشتەپە و چەندین کەسایەتی حکوومی و رێکخراوی ناحکوومی و نێودەوڵەتی ئاماده‌بوون. فەرهەنگ غەفور كه‌ وەک نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئاماده‌ی رێوڕه‌سمه‌كه‌ ببوو، لە وتارێکیدا پڕۆژەی کیدزۆنی بە چالاکی و بەرهەمێکی ناوازە  وەسفکرد و سوپاسی دەزگای روانگەی کرد کە هەمیشە لە غەمی چین و توێژە جیا جیاکانی کۆمەڵگەدایە و لە هەموو بوارەكانی زانستی و رۆشنبیری و وەرزشی و مرۆییدا کارو چالاکی ئەنجام دەدات. کیدزۆن پڕۆژەیەکی  زانستی و رۆشنبیری و هونەری و وەرزشییە کە دەزگای روانگە بەهاوكاریی رێکخراوی مانگی سووری ئیماراتی بە ئەنجامی گەیاند ، لە بەرواری ٢٠ی نیسانی ٢٠١٤ بەردی بناغەی داندرا و لە ٢٠ی حوزه‌یرانی ٢٠١٤ بە کۆتاهاتوو رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.