دەزگای روانگە راهێنان بە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەکات

لاوان | 9/4/2017
Rwanga Foras Offers Free Trainings at the University of Sulaimani

خوێندکارانی زانکۆ دوای تەواوکردنی خوێندن  بەدوای کاردادەگەرێن. بەشێکی زۆری ئەو خوێندکارانە پێویستیان بە شارەزایی و  راهێنان هەیە تاوەکو بتوانن کار بدۆزنەوە و پیشەییانە ئانجامی بدەن.

بەرواری ٦ی نیسانی ٢٠١٧ تیمی روانگە فرص زنجیرە راهێنانێکی سێ رۆژیان ئەنجامدا بۆ خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بەمەبەستی گەشەپێدانی تواناکانیان و راهێنانیان لە پڕۆسەکانی گەڕان بەدوای کار و ئاشناکردن و شارەزاکردنیان لە چۆنیەتی ئەنجامدانی هەنگاوەکان.

شانۆ ئیبراهیم، راهێنەر سەبارەت بە ئامانجی راهێنانەکان گوتی '' ئامانجی ئێمە ئامادەکردنی خوێندکارانە بۆ کار و ئاشناکردنیانە بە بازاڕی کار. ئيمە چەند راهێنانێکمان بە خوێندکاران کرد لە بوارەکانی نوسینی زانیاری کەسی (سیڤی)، تۆمارکردنیان لە ماڵپەڕی فرص بۆ کاردۆزینەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ خاوەنکار بەشێوەیەکی پیشەییانە'' . شانۆ راشیگەیاند بەشێکی دیکەی راهێنانەکان سەبارەت بە ''ئاکارەکانی کار بوو تاوەکو بتوانن لەسەرکارەکانیان بەردەوام بن و بەشێوەیەکی پیشەییانە هەڵسوکەوت و ئەرکی کارەکان ئەنجام بدەن''.

راهێنانەکان لە باڵەخانەی سەرەکی زانکۆی سلێمانی ئەنجامدران و نزیکەی ١٠٠ خوێندکار سودمەندبوون.

رێبین هۆشیار، رێکخەر لە تیمی روانگە فرص گوتی '' جیا لە راهێنانەکان هانی خوێندکارانماندا بەشداری لە کاری خۆبەخشیدا بکەن تاوەکو بەر لە دۆزینەوەی کار، شارەزایی و ئەزمونێکی سەرەتایی بەر لە وەدەستهێنانی کار وەربگرن''.

راهێنانەکان لە بەرواری ٤و ٥و ٦ی ئەم مانگە بەڕێوەچوون. هەروەها دوای راهێنانەکان بەشداربوان ئاشناکران بە ماڵپەڕی فرص تاوەکو سودمەندبن لە راهێنانە سەرهێڵەکان (ئۆنڵاین) کە بەبێبەرامبەر پێشکەش بەوکەسانە دەکرێت کە ناویان لە ماڵپەڕەکە تۆمار دەکەن، تاوەکو راهێنانی زیاتر لەو بوارانەدا وەربگرن کە ئارەزووی دەکەن.

پڕۆژەی فرص لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە رادەستی دەزگای روانگە کراوە. پڕۆژەکە  لەسەرانسەی عێراق کار و چالاکی و راهێنان پێشکەشدەکات و لەلایەن دامەزراوەی مایکرۆسۆفت و رێکخراوی نێودەوڵەتی سێلەتیک و دەزگای روانگە بەرێوەدەبرێت. هەروەها چەندین کۆمپانیا و کار و راهێنانی جۆراو جۆری تێدا تۆمارکراون تاوەکو کارخوازان سودی لێوەربگرن. تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی ئەوکەسانەی لە پڕۆژەی روانگە فرص سودمەند بوون بریتیبوون لە ٢٢٣ هەزار و ٨٣١ کەس، کە زۆربەیان چینی گەنجان بوون.