دەزگای روانگە بەشداری کۆنفرانسی لاوان دەکات

لاوان | 24/2/2017
Rwanga Foundation Participated in Youth Conference

کۆچی گەنجان بۆ ووڵاتانی رۆژئاوا لە پار ساڵەوە پرسێکی گەرمی نێوکۆمەڵگە و میدیاکانە و حکومەتیش بەدوای رێگاچارەوە سەرقاڵە بۆئەوەی دەستنیشانی هۆکار و کێشە بنەرەتییەکان بکات.

هەر بۆ ئەم مەبەستە دەزگای روانگە لە بەرواری ٢٣ی شوباتی ٢٠١٧ بەشێوەیەکی فەرمی داوای بەشداری کردنی لە کۆنفرانسی گەنجان هۆکار و رێگا چارە کرا کە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ژیانێکی تەندروست  سازکرابوو.

عبدالسلام مدنی بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە دەزگای روانگە بەشداری کۆڕبەندی ( کۆچی گەنجان هۆکار و کاریگەر و رێگا چارە لە روانگەی ئابوریەوە ) کرد و بە ووردی تیشکی خستە سەر ئەو خاڵانەی کە بونەتە هۆکارگەلێک بۆ لاوان تا وڵات جێبهێلن و بەدوای مەنزلگەیەکی تردا بگەرێن بۆ بەردەوامی ژیانیان.

مەدەنی لە میانی کۆڕبەندەکەدا گووتی: " کۆچ رەنگە لەسەر ئاستی تاک بۆ هەندێک کەس چارەسەربێت، بەڵام کەدەبێتە کۆچی بە گروپ ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی هۆکارگەلێکی زۆر هەبن بۆ پاڵنانی کەسەکان بۆ کۆچکردن. تەرکیزکردنە سەرخۆمان  بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە ستراتیجیە پێوسیتییەکان بۆ گۆڕینی نەوەی ئێستاو داهاتوو گرنگە.

بەشێوەیەکی گشتی دەبێت گەشبین بین و چارەسەری درێژخایەن بدۆزینەوە حکومەتیش رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە چارەسەرکردن و رێکخستنی دۆخەکە بە ویست و پلانی تۆکمە  ئەمگۆرانکاریە پێویست و حەتمییانە بکات هەروەک ( سەرچاوەی ئابوری جۆراوجۆر، چارەسەری ستراتیجی لە هەر پارێزگەیەکدا، زانکۆ و سیستەمی پەروەردەیی و ئامادەکردنی دەرچوان بە توانایەکی باشەوە بۆ بازار، پلان وبەرنامەی سەرنج راکێش بۆ کەرتی تایبەت، پڕۆژەی بچووک و مامناوەند، پڕۆژەی دەرخستنی توانای گەنجان).

کۆنفرانسەکە ماوەی دوورۆژی خایاند و بەڵێندرا تەواوی کۆنوسوو و دەرئەنجامەکان بە راپۆرتێکی چڕ بخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی هۆکار و چارەسەرییەکان.

لاوان توێژێکی گرنگن لەلای دەزگای روانگەوە هەر بۆیەش کارو چالاکییەکانی چڕکردۆتەوە بۆ گەشەپێدانی توانای لاوان و بەگەر خستنی هێز و چالاکییەکانیان لە نێوکۆمەڵگەدا.