دەزگای روانگە پێداویستی خوێندن پێشکەشی قوتابیان دەکات

پەروەردە | 16/10/2017
Rwanga Foundation Distributes School Kits in Erbil


پەروەردە  یەکێکە لەو بوارەی دەزگای روانگە بەشێکی زۆری چالاکیەکانی تیادا ئەنجامدەدات  بەمەبەستی هاوکاری کردنی قوتابیانی کەمدەرامەت و پەرەپێدان بە بواری پەروەردە و  باشترکردنی سیستەمی پەروەردە.

 

بەرواری  ١٦ی  تشرینی یەکەمی٢٠١٧ دەزگای روانگە بە پشتگیری قوتابخانەی شویفاتی نێودەوڵەتی کەلوپەل  و پێداویستی خوێندنی دابەشکردە سەر قوتابیانی قۆناغەکانی یەکەم و دەووم و سێیەمی  قوتابخانەی یادی بنەڕەتی تێکەڵاو لە گەڕەکی مامزاوا.

کەلوپەلەکان پێکهاتبوون لە جانتا، قەڵەم، تیانووس (دەفتەر)، پێنووس، لاستیک، راستە و قەڵەم دادەر. گەڕەکی مامزاوا یەکێکە لە گەڕەکە هەژارنیشینەکانی شاری هەولێر و زۆربەی دانیشتوانی ئەم گەڕەکە کەمدەرامەتن. بەڕێوەبەری قوتابخانەی یادی بنەڕەتی گوتی '' بەهۆی کێشەی ئابووری، زۆربەی خێزانی قوتابیەکان توانای ئەوەیان نییە کەلوپەل و پێداویستی قوتابخانە بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن. زۆر سوپاسگوزاریدەزگای روانگەیین کە هەستا بە دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی قوتابخانە بۆ قوتابیەکانمان. ئێمە نزیکەی ١٥٠٠ قوتابیمان هەیە لەقوتابخانەی یاد. هەروەها چەندین کێشەی دیکەمان هەیە بەتایبەتی بینای قوتابخانە، کە زۆر هاوکار نییە بۆ فێربوون''

ئامانجی دابەشکردنی کەلوپەلی قوتابخانە بریتیبوو لە پێشتگیریکردنی قوتابیان تاوەکو بتوانن بەردەوامی بە خوێندیان بدەن و هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشداری بۆ پەرەدان بە بواری پەروەردە. رێبین عارف، بەرپرسی پرۆژەکە لە دەزگای روانگە گوتی '' ئەمڕۆ ٦٥٠ قوتابی قۆناغەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم، لە پڕۆژەکە سودمەند بوون''

پڕۆژەکە بە هاوکاری قوتابخانەی شوەیفاتی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا. پێشتر لە رۆژی دەسپێکردنی خوێندن لە قوتابخانەی شوەیفاتی نێودەوڵەتی نزیکەی ٦ هەزار دۆلار کۆکرایەوە و بەخشرایە دەزگای روانگە بۆمەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەیەکی پەروەردەیی. نەبیل ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پەیوەندیەکانی قوتابخانەی شوەیفات لە کاتی داابەشکردنی کەلوپەلەکان لە قوتابخانەکە ئامادەبوو و گوتی '' زۆر خۆشحاڵین کە ئەو هاوکارییەی کۆکرایەوە ئێستا لەرێگەی پڕۆژەیەکەوە کێشەی چەندین قوتابی دیکە چارەسەردەکات. هیوادارین بەردەوامبین لەگەڵ دەزگای روانگە تاوەکو زیاتر پرۆژەی هاوشێوەمان هەبێت''.

شایەنی باسە بەشێکی پرۆژەکە بریتیبوو لە بەشداری پێکردنی خۆبەخشانی دەزگای روانگە بۆ بەهێزکردنی کارامەییان بۆ کارکردن بەشێوەی تیم و بەشداریپێکدنیان لەو چالاکیانەی پەرەبەکۆمەڵگەدەدەن تاوەکو زیاتر بەشداربن. هەروەها بەشێکی پڕۆژەکە لەلایەک خۆبەخشانەوە ئەنجامدرا لە ناویاندا رێکخستن و دابەشکردنی کەلوپەلەکانی قوتابخانە.