دەزگای روانگە راهێنانی پیشەیی دەکات بە کچان و کوڕان لە زاخۆ

پەروەردە | 10/10/2017
Rwanga Foundation Provides Vocational Training for Youths in Zakho

راهێنان و گەشەپێدانی توانای لاوان لە بواری پیشەییەوە لەلایەن دەزگای روانگەوە بەردەوامی هەیە و پۆلێکی دیکە لە خانمان و کوڕان کۆتاییان بە راهێنان  هێنا و ئێستا ئامادەن تاوەکو لە بازاڕدا کاری شایستە بەدەستبهێنن.

بەرواری ١٠ی  تشرینی یەکەمی٢٠١٧ دەزگای روانگە بە پشتیوانی دارایی وەزارەتی هەماهەنگی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانی و رێکخراوی Help کۆتایی بە قۆناغێکی دیکەی راهێنانی پیشەیی هێنا کە بۆ ژمارەیەک گەنج ئەنجامیدا لە  شارۆچکەی زاخۆ تاوەکو پەرە بەتواناکانیان بدرێت و دەرفەتی کاری باشتریان هەبێت لە بازاڕدا.

لە رێوڕەسمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی، بڕوانامە بەخشرایە ٦١ گەنج کە راهێنانی پیشەیی لە بواری جوانکاری ئافرەتان، دارتاشی و کاری دەستییان ئەنجامدابوو. سودمەندبوانی راهێنانەکان بریتیبوون لە ئافرەتان و کوڕانی دانیشتووی شارۆچکەی زاخۆ و ژمارەیەک لە ئاوارەکانیش تیایدا بەشداربوون.

ئامانجی پڕۆژەکە پەرەپێدانە بە کارامەیی پیشەیی و راهێنانی ١٠٠٠ گەنج لە بواری جیاوازدا. سوودمەندانی پرۆژەکە بریتین لە گەنجانی شارۆچکەی زاخۆ، ئاوارە و پەنابەرانیش لەخۆدەگرێت تاوەکو گەشە بە توانا پیشەییەکانیان بدریت و بتوانن لە بازاڕدا کاری شایستەیان دەستبکەوێت.

بۆتان موحسین، قایمقامی شارۆچکەی زاخۆ کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو و گوتی'' دەزگای روانگە هەردەم دەرفەتی بۆ گەنجانی زاخۆ دابینکردوە. زۆر کات رێکخراوەکان گرنگیەکی ئەوتۆ بە زاخۆ نادەن، بەڵام دەزگای روانگە بەرپرسیاریەتی ئەوەی گرتۆتە ئەستۆ و دەرفەت بۆ گەنجەکانمان و ئاوارەکان دەرەخسێنێت بە کردنەوەی خولی راهێنانی پیشەیی و بەشداری پێکردنیان لە چەندین پڕۆژە و چالاکی هەمەجۆردا''.

دوای راهێنانە پیشەییەکان، بەشداربووان چەند راهێنانێکی دیکەشیان پێشکەشدەکرێت سەبارەت بە چۆنیەتی دۆزینەوەی کار و ئەنجامدانی چاوپێککەوتنی کار. تاوەکو بتوانن لە بازاڕی کاردا، کاریان دەست بکەوێت. یەکێک لەو ئافرەتانەی سودمەندبوو لە راهێنانەکان گوتی '' خۆشبەختم کە بەشداریم لە راهێنانەکانداکرد. ئێمە پێویستمان بە راهێنان و ئەزمونی زۆر هەیە تاوەکو کارامەییەکانمان زیاد بکەین و کار بدۆزینەوە''.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧، لە رێورەسمێکی تایبەتدا واژوی گرێبەستی ٢٧ مانگی لە نێوان دەزگای روانگە و رێکخراوی نیودەوڵەتی Help لە نوسینگەی دەزگای روانگە بە فەرمی واژو کراو و بووە دەستپێکی پڕۆژەی گەشەسەندنی راهێنان و دەرفەتی پیشەیی بۆ لاوانی سنوری پارێزگای دهۆک. راهێنانە پیشەییەکان بریتیین لە ١١ بەش کە بریتین لە: ( ئاسنگەری، چاکردنەوەی ئامێری مۆبایل، دارتاشی، چاکردنەوەی سپلیت، کارەبا، میکانینک، بەرگدووری، PVC، کۆمپیوتەر، جوانکاری ئافرەتان، کاری دەستی).