دەزگاى روانگە ئاهەنگێکى پێشوازیی سازکرد

لاوان | 14/3/2014
Rwanga Grand Reception

  دەزگاى روانگە لە رێکەوتى 13/3/2013 لە هوتێڵى رۆتانا بە ئامادەبوونى چەندان کەسایەتیی ناوەوە و دەرەوەى هەرێمى کوردستان و چەندین بەرپرسى باڵاى حکومى و کونسوڵ و دیپلۆماتکاران ئەوانەى لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن، هەروەها بە ئامادەبوونى نوێنەرانى چەندین رێکخراوى نێو دەوڵەتى و ناوخۆیی و رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و وەرزشوانان و کاربەدەستانى پلە جیاوازى حکومەت، ئاهەنگێکى پێشوازى رێکخست.
ئاهەنگەکە بە وتارێکى بەڕێز (ادریس نێچیرڤان بارزانى) دامەزرێنەر و سەرۆکى دەزگاى روانگە دەستیپێکرد و دواى بەخێرهێنانى میوانان، تیایدا باسى ئەو نەهامەتییانەى کرد کە رووبەڕووى کۆمەڵگە دەبنەوە و بوونە هۆى سرووشبەخشین بۆ دامەزراندنى دەزگاى روانگە. لە تەوەرێکى دیکەى وتارەکەیدا داواى لە سەرجەم ئامادەبووان کرد کە پاڵپشتى دەزگاى روانگە بن ، بۆئەوەى بەیەکەوە کار بۆ نەهێشتنى ئەو دیاردە زیانبەخشانە بکرێت.
دواتر لەلایەن بەڕێز ( رەوەند عەبدولقادر دەروێش) جێگرى سەرۆک و بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى دەزگاى روانگەوە، لە رێگەى داتاشۆوە کارو چالاکییەکانى ساڵى 2013 و پڕۆژە ئامادەکراوەکانى ساڵى 2014 روانگە نمایشکران. ئەمەیش بووە جێگەى سەرنجى ئامادەبووان کە لەماوەیەکى زۆر کورتدا توانراوە ئەم هەموو کارو پرۆژە و چالاکییانە بەئەنجام بگەیەندرێت.
دواتر لەلایەن بەڕێز ئەحمەد رێکانى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کوردستانەوە وتارێک پێشکەش کرا تیایدا داواى لەو بزنسمان و کۆمپانیایانە کرد دەزگاى خێرخوازیان هەیە، بەشێوەیەکى سیستماتیکتر یارمەتیی بگەیەننە کەسانى پێویست و یارمەتیی دەزگاى روانگە و دەزگاکانى دیکەى خێرخوازیى بدەن بۆ ئەوەى کۆمەکەکانیان بەشێوەیەکى سیستماتیکتر خەڵکانێکى زۆرتر بگرێتەوە.
هەر لە ئاهەنگەکەدا کورتە فیلمێک سەبارەت بە ژیانى منداڵانى سەرشەقام نمایشکرا کە لەلایەن دەزگاى روانگەوە بەرهەم هێندراوە.
دواتر لەلایەن گروپى هەڵپەڕکێی کەلەپوور و هونەرە میللییەکانى هەولێرەوە بەجلوبەرگى کوردییەوە دوو تابلۆى هەڵپەڕکێی کوردی نمایشکرا.
بەخوانێکى ئێوارەش کۆتایی بە پرۆگرامى ئاهەنگەکە هات.