دەزگای ڕوانگە بەشداری ماراسۆنی ئاشتی دەکات

لاوان | 22/9/2015
Rwanga Foundation Co-organizes Marathon “Race for Peace”

لەپێناوی ئاشتیدا ڕادەکەین، ناونیشانی ماراسۆنی هەولێر بوو لە رۆژی جیهانی ئاشتی کە لەلایەن ئەنجومەنی رێکخراوە ناحکومییەکان و لیژنەی ماراسۆنی هەولێر سازکرا بوو.

 

بەرواری ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٥ کە رۆژی جیهانی ئاشتییە، ئەنجومەنی رێکخراوە ناحکومییەکان و لیژنەی ماراسۆنی هەولێر بە هەماهەنگی دەزگای ڕوانگە، کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردستانی ژاپۆنی، رێکخراوی یارییەکانی ئاشتی جیهانی لە هەولێری پایتەخت ماراسۆنێکی شەش کیلۆمەتری لە پارکی سامی عەبدولرەحمان  بۆ کوردستانیان و کەسانی بیانی ئەنجامدا بە دروشمی ( لە پێناوی ئاشتیدا ڕادەکەین ) کە بە سەدان کەس بەشداریان تیایدا کرد و لە ئەنجامدا ١٥ بەشدار بووی کوڕ و١٥ بەشداربووی کچ خەڵاتی بردنەوەی ماراسۆنەکەیان وەدەست هێنا.

 

دەزگای ڕوانگە بۆ پاڵپشتی چەسپاندنی ئاشتی و بەرقەرار بوونی ئارامی لە جیهانی بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، پشکداری ئەم بۆنەی کرد و لە رێکخستنی ماراسۆنەکەدا رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا. لەهەمان کاتدا بۆ ئەوەی لاوان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە پەیامی ئاشتی خوازی خۆیان لە رێگەی وەرزش و ڕاکردنەوە بە جیهاندا بگەیەنن و هەر وەک پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگدا بۆ وەدەستهێنانی ئاشتی جیهانی دەجەنگێت ئێمەیش لە شاردا هەم وەک پاڵپشت و هەمیش وەک گەیاندنی پەیامەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز بە گوێچکەی دونیادا بچرپێنین.

 

٢١ی ئەیلول رۆژی جیهانی ئاشتیە و لەسەرجەم ووڵاتانی دونیادا بۆنە و چالاکی جۆراوجۆر ساز دەکرێت و کوردستانیش هەموو سالێک بە شێوازی جۆراوجۆر یادی ئەم بۆنەیە دەکاتەوە. بۆ ئەمساڵ ماراسۆنێکی بەرفراوانی لە شاری هەولێری پایتەخت ساز کرد و سەدان کەسی کوردستانی و بینای تیایدا بەشداربوون.