بۆ گرنگیدان بە رۆڵی کارمەندانی حکومەت لە دەزگا و فەرمانگەکاندا دەزگای ڕوانگە و رێکخراوی یونیسێف خولێکی راهێنانیان بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
بەرواری ٨ – ١٥ /١٢/٢٠١٥ بە چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزگای ڕوانگە بە هاوبەشی رێکخراوی یونسیف لە عێراق خولێکی راهێنانیان بە ناونیشانی ( راهێنانی راهێنەران لەمەڕ برەودان بە پاک و خاوێنی لە بواری مرۆیدا) بۆ نزیکەی ٤٠ کارمەندی حکومەت لە شاری هەولێر ئەنجامدا. ئامانج لە خولەکەدا بریتیبوو لە چۆنیەتی مامەلە کردنی کارمەندان و فەرمانبەرانی حکومەت لەگەڵ هاوڵاتیان و کەسانی پەیوەست بە کاروبارەکانیانەوە. چۆن بتوانرێت پەروەردەیەکی شارستانیانەی هاوڵاتیان بکرێت و لە هزر و ناخیانەوە گۆرانکاری دروست بکرێت بەتایبەتی بۆ بە پاراستنی پاک و خاوێنی و دووربوون لە تووشبوون بە نەخۆشیە سەختەکان و دواتر چۆن ئەو بەشداربوانە بتوانن زانیاریەکانیان بگوازنەوە بۆ گروپ و خەلکانی دیکە.
جێی ئاماژەیە بەشداربوانی راهێنانەکە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک ئامادەبوون کە پێکهاتبوون لە کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەرۆکان. دەستنیشان کردن و رێکخستنی کارمەندەکان لەلایەن رێکخراوی یونیسێفەوە ساز کرابوو.