لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر دەزگای ڕوانگە پرۆژەی (فرص)ی راگەیاند کە پرۆژەیەکی سەرتانسەری هەرێمی کوردستان وعێراقە سەبارەت بە دروستکردنی زەمینە و پردی نێوان کارخواز و خاوەن کارە.
بەرواری ١٧ی شوباتی ٢٠١٦ دەزگای ڕوانگە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد بەمەبەستی راگەیاندنی بەرنامە و پلانی پرۆژەی فرص کە بۆ ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن رێکخراوی سیلەتیک و ماکرۆسۆفتەوە رادەستی دەزگای ڕوانگە کراوە. لە کۆنگرەکەدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەلایەتی و نوێنەری هەردوو وەزارەتی پلان دانان و خوێندنی باڵاو و توێژینەوەی زانستی و چەندین خاوەن کۆمپانیا و رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئامادەبوون. ( یەحیا حوری ) نوێنەری رێکخراوی نیودەوڵەتی سیلەتیک کە بەهاوبەشی لەگەڵ مایکرۆسۆفت بودجە و خەرجی پرۆژەی فرص لە ئەستۆ دەگرن ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە بوو و بە ووردی ئامانج و پلانی پرۆژەی فرصی بۆ ئامەدەبوان شیکردەوە.
ئامانجی پرۆژەی فرص بەیەکەوە گەیاندنی کارخواز و خاوەن کارە بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتدا و سەکۆیەک دەبیت بۆ راهێنانی بەردەوام بۆ فیربوون و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان، ئەمیش بە رێگەی چەندین خولی راهێنانی راستەخۆ لە رێگەی ئینتەرنێتدا و بەدەست هێنانی گەواهی نامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە خولەکان.
پرۆژەی فرص لە نیسانی ٢٠١٢ لەلایەن رێکخراوی سیلەتیک و مایکرۆسۆفت هاتۆتە دامەزراندن، وەک یەکەمین پۆرتالی کار بەدەستهێنان بۆ بەیەک گەیاندنی سەرچاوە جیاوازەکانی گەڕان بەدوای کار و دۆزینەوەی دەستی کار، دەرفەتی گونجاو بۆ لاوان و گەنجان بەتایبەت ئەوانەی ئارەزوی فێربوون و بەرەوپێشەوەچوون و کارکردن دەکەن یان ئەوانەی کە نازانن لە کوێوە دەستپێبکەن.
کاردانەوەکانی پرۆژەی فرص زۆر باش و کاریگەر بووە لە ووڵاتەکانی وەک قەتەر، لیبیان، مەغرب، خۆرهەلاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقیا، هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی ٢٠١٣ تاوەکو کۆتایی ٢٠١٥ لە لایەن رێکخراوی یو ئێس ئەید ی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی دەکراو و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ رادەستی دەزگای ڕوانگە کرا تاوەکو لە هەموو عێراق سەرپەرشتی ئەم پرۆژەیە بکات و تاکۆتایی ساڵی ٢٠١٦ ٢٠٠ هەزار کەس دەبێت سوودمەند بێت لە پرۆژەی فرص جا چ کار خواز بێت یان خاوەن کار یان کەسانی ئارەزوومەند بۆ بەشداری کردن لە خول و راهێنانەکاندا.
پرۆژەی فرص بەتایبەت لە هەرێمی کوردستاندا گرنگی خۆی هەیە کە ئەم هەرێمە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت گیرۆدەی دەستی قەیرانی دارایی بووە و بوەتە هۆی بەتاڵیەکی زۆر لە نێوچین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا و خەڵکێکی زۆر بەتایبەت لاوان و گەنجان رووبەرووی بێکاری بوونەتەوە.
شایەنی باس کردنە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە بە هاوکاری و سپۆنسەری هۆتێل دیڤان بەرێوەچوو.