مۆزەخانەکان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەکانن کە چیرۆکە مێژوویەکان بە زیندوویی دەهێڵنەوە، بۆیە دەزگای روانگە بەگرنگییەوە دەڕوانێتە پاراستن و گەشەپێدانی مۆزەخانە و شوێنە پەروەردەییەکان.
بەرواری ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٧ دەزگای روانگە چەندین کەلوپەلی پێویستی بەخشیە مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەی هەولێر بۆ پاراستنی مۆزەخانەکە و هاوکاربوون لە بەردەوامیدان بە کارەکانیان.
پێشتر تیمێکی دەزگای روانگە سەردانی مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەی هەولێریان کرد بۆ لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بەو کەلوپەلانەی ئێستا لە مۆزەخانەکەدا پێویستن. کەلوپەل و پێداویستیانەی کە پێکهاتبوون لە کەلوپەلی کارەبایی، کەلوپەل و ماددەی پێویست بۆ پاراستنی دیوارەکانی مۆزەخانەکە و پێداویستی لەبەر گرتنەوە و چاپەمەنی و فێنککەرەوە و چەند کەلوپەلی دیکەی گرنگ بۆ راپەڕاندنی کارە رۆژانەییەکانی مۆزەخانەکە.
مامۆستا ئیسماعیل بەرزنجی، بەڕێوەبەری مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەی هەولێر گوتی '' ماوەی ٣ ساڵە، دوای تێکچوونی دۆخی دارایی هەرێم، رووبەڕوی کێشەی کەمی کەلوپەلی پێویست بووینەوە بۆ راپەڕاندنی کارەکانمان بەمەبەستی دەوڵەمەند کردنی ئەم مۆزەخانەیە. ئەو کەلوپەلانەی لەلایەن دەزگای روانگەوە بۆمان هاتوون بەرز دەینرخێنین و بەشێکی زۆر لە کێشەکانمان چارەسەر دەکات بۆ بەڕێوەبەردن و پاراستنی مۆزەخانەکە. بەهیواین کەس و لایەنی تریش ئاوڕێک لەم مۆزەخانەیە بدەنەوە کە مێژووی شارێک دەپارێزێت و مولکی هەموومانە.''
مۆزەخانەکە لە ساڵی ٢٠١٤ کرایەوە و تائێستا وەک مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەی هەولێر بەردەوامە. ئەم مۆزەخانەیە پێشتر یەکەم قوتابخانەی شاری هەولێر بووە کە لەساڵی ١٩٣٠ دروستکراوە. هەروەها زۆربەی کەسە ناودارەکانی شاری هەولێر و تەواوی پێکهاتەکان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان هەر وەک کورد، عەرەب، تورک، جولەکە، ئەرمەن تیایدا وانەیان خوێندوە و بەشێکیشیان وەک مامۆستا وانەیان تیادا گوتووەتەوە.