شاندێکی بانکی نێودەوڵەتی سەردانی دەزگای روانگە دەکات

لاوان | 9/3/2017
IFC Delegation Visits Rwanga Foundation

گەشەپێدانی توانای گەنجان گەشەپێدانی کۆمەلگەیە لە بوارەکانی پەروەردە و داهێنان و کۆمەڵایەتییەوە، هەر بۆیە دەزگای روانگە و بانکی نێودەوڵەتی بە گرنگیەوە دەرواننە کار و پرۆژەکانی تایبەت بە گەشەپێدانی گەنجانی کوردستان.

بەرواری ٩ی ئاداری ٢٠١٧ بەمەبەستی زیاتر ئاشنا بوون لە کاروپرۆژەکانی دەزگای روانگە و پرۆژەی گەشەپێدانی توانای گەنجان لە بواری راهێنانی پیشەییەوە، شاندێکی باڵای بانکی نێودەوڵەتی سەردانی نوسینگەی سەرەکی دەزگای روانگەیان کرد لە شاری هەولێر. موئەیەد مەخلوف بەڕێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا لە بانکی نێودەوڵەتی یاوەرەی شاندەکە بوو و گووتی: " من زۆر دڵخۆشم بەبینی بەرەوەپێشچوونی دەزگای روانگە و فراوانبوون و گەشەسەندنی پرۆژەکانیان بۆ زیاتر هاوکاری کردن و خزمەتکردنی توێژی گەنجان لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەت پرۆژەکانی راهێنانی گەنجان لە بواری کار و بازرگانی سەرەتایی لە هەولێر و راهێنانی پیشەیی لە شاری دهۆک. هەر بۆیە دووپاتی دەکەینەوە وەک بانکی نێودەوڵەتی هاوکاری زیاتری دەزگای روانگە دەکەین بۆ ئەوەی پرۆژەکانی فراوانتر بکات لە بواری هاوکاری کردنی لاوانی کوردستان و عێراق بەگشتی بۆ ئەوەی گەنجان ئامادەبکرێن بۆ بازار و کەرتی تایبەت کە ئیمرۆ پێوستیەکی حەتمی ناوچەکەیە".

دوابەدوای کۆبوونەوەکە شاندی ناوبراو لەگەڵ کارمەندانی دەزگای روانگە سەردانی کەمپی بەحرکەیان کرد لە شاری هەولێر تاوەکو لە نزیکەوە گوێبیستی داخوازی و پێویستییەکانی ئاوارەکان بن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بەگشتی و لاوانیان بەتایبەتی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دەزگای روانگە بێبەش نەبن. لاوانی ئاوارە ئاسودەبوونی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە سەردانەکە و تەواوی ویست و داخوازییەکانیان خستەبەر باس بۆئەوەی لە پلان و بەرنامەی کاری داهاتووی دەزگای روانگە و بانکی نێودەوڵەتی بێبەش نەبن.

 

لە بەرواری ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بانکی نێودەوڵەتی گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ دەزگای روانگە واژۆ کرد بەمەبەستی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە کوردستاندا بۆ زیاتر پێشخستنی توانای گەنجانی کوردستان لە بواری راهێنانی کار و بازرگانی سەرەتایی تاوەکو لاوانی کوردستان لەسەر پێی خۆیان بوەستن و لە بازار و کەرتی تایبەتدا ببنە خاوە کارو پیشەی سەربەخۆی خۆیان.