دەزگای روانگە بەشداری کۆنفرانسی خاوەنکار و وەبەرهێنەران دەکات لە ئەڵمانیا

پەروەردە | 7/9/2017
Rwanga Foundation Attends the Businessmen and Investors Conference in Germany

بەمەبەستی وەدەستهێنانی پاڵپشتی زیاتری نێودەوڵەتی و گرنگی دان بەبواری پەرەوردە لەلایەن بازرگان و رێکخراوە کوردستانی و نێودەوڵەتییەکان، دەزگای روانگە بەشداری یەکەمین کۆنفرانسی خاوەنکار و وەبەرهێنەرانی کوردستان، عێراق، ئەڵمانیا دەکات لە شاری هانۆڤەر لە ووڵاتی ئەڵمانیا.

بەرواری ٦-٧ی ئەیلولی ٢٠١٧ دەزگای روانگە بەشداربوو لە کۆنفرانسی خاوەنکار و وەبەرهێنەرانی کوردستان و عێراق و ئەڵمانیا لە شاری هانۆڤەری ووڵاتی ئەڵمانیا کە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی پیتەربێرگ سازکرابوو.

ئامانجی دەزگای روانگە لە بەشداریکردنیدا زیاتر کۆکردنەوەی هاوکاری نێودەوڵەتی و راکیشانی سەرنجی رێکخراوە نێودەوڵەتی و خاوەنکاران بوو بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی زێتری پەروەردەیی و راهێنانی گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان بەتایبەت بۆ گەنجانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان و عێراق.

داستان قادر بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە دەزگای روانگە کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی پانێلی( راهێنان بۆ بەهێزکردنی ئابوری)  ووتی: " کێشەی بێکاری لە کوردستان بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو رووی لە زیادبوون کردیە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێژەی بێکاری زیادی کردووە بۆ ٪١٦ و لەم رێژەیەشدا زێتر لاوان و دەرچوانی زانکۆکان دەگرێتەوە. ئێمەش وەک دەزگای روانگە هەمیشە لە هەوڵ دابووینە بۆ زەمینە سازکردن و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئەو کەسانەی کە بەدوای کاردا گەڕاون، بەڵام نەیان زانیوە لە کوێوە دەستپێبکەن، یاخود تواناکانیان لەبازاری کاردا لەنگی تیابووە بۆ دەستکەوتنی کاری شایستە یاخود خاوەنکار و بازرگانەکان نەیانتوانیوە دەستی کاری گونجاو بۆ کاراکانیان فەراهەم بکەن، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠١٦ تاوەکو ئێمڕۆ توانیومانە زیاتر لە ١٥٠ خولی راهێانی بێبەرامبەر بەئەنجام بگەیەنین کە  ٣٠٨٠ کەس توانیویانە سوودمەندبن لە راهێنانەکان و لەم ژمارەیشدا ٢٣١٩ کەس توانیوییانە کاریان دەستبکەوێت دوای فێربوون و شارەزایی پەیداکردن لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا".

دەزگای روانگە لە پلان و بەرنامەیداهەیە کە تاوەکو کۆتایی سالی ٢٠١٨ راهێنان بە ٣٢٤١ کەسی تربکات بەهەماهەنگی رێکخراوی ئەڵمانی گی ئای زێد، وەزارەتی گەشەپێدانی ئابوری ئەڵمانی، دامەزراوەی مایکرۆسۆفت، رێکخراوی سێلەتیکی نێودەوڵەتی و لەگەڵ چەندان هاوبەش و هاوکاری تر لەسەر ئاستی کوردستان و نێودەوڵەتی.

دەزگای روانگە باوەڕی وایە پەروەردە یەک لە خاڵە گرنگەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی نەوەیەکی تەندروستە بۆ ئێستا و داهاتوودا، هەر بۆیە پەروەردە بەشێکی سەرەکییە لە نەخشەکێشانی پرۆژەکان و جەختی زیاتر دەکاتەوە بۆ بەشداری  پێکردنی لاوان لە کار و چالاکییەکانیدا.

د. عەلی سندی وەزیری پلاندان وەک نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆنفرانسەکە بوو لەگەڵ شاندێک بەیاوەری نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆک دارا جەلیل خەیات سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی کوردستان.