ئەمڕۆ ٢٠٢٥/٥/٢٥ بە ئامادەبوونی سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگای روانگە بەڕێز (ادریس نێچیرڤان بارزانی) و بەڕێز (فەوزی هەریری) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێز (بێگەرد تاڵەبانی) وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، نوێنەری ئاژانسی GIZ و کاربەدەستانی حکومەت و کونسوڵی گشتی وڵاتان و نێردە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان پڕۆژەی چاندنی ٢٠،٠٠٠ هەزار داری زەیتونی ئیسپانی لە ناوچەی دڵۆپە – کەسنەزان بە ئەنجام گەیشت.
دەزگای روانگە لە درێژەی پڕۆژە ژینگەییەکانی بۆ خزمەتکردنی ژینگەی کوردستان و خەمخۆری لە کەش و هەوای هەرێمەکەمان، بەشێک لە پڕۆژەی دارستانەکانی روانگەی بە ئەنجام گەیاند. کە بریتی بوو لە چاندنی ٢٠،٠٠٠ داری زەیتونی ئیسپانی (ئاربێکینا) لەسەر رووبەری ٥٥ دۆنم (١٣٧،٥٠٠ مەتری دووجا) لە ناوچەی دڵۆپە – کەسنەزان.
ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠٢٤ دەستی پێکرد بە ئامانجی زیادکردنی رووبەری سەوزایی و باشترکردنی کەش و هەوای ناوچەکە و بەرهەمهێنانی زەیتون و زەیتی زەیتون. لە قۆناغی یەکەمدا ١١،٠٠٠ و لە قۆناغی دووەمدا ٩،٠٠٠ کە کۆی گشتی دەکاتە ٢٠،٠٠٠ داری زەیتونی ئیسپانی چاندراوە. پڕۆژەکە لە هەولێر لەناوچەی دڵۆپە – کەسنەزان جێبەجێکرا. دارەکان بە بۆشاییەکی ٢ مەتر لە نێوان هەر دارێک و بە بەرزی ٥٠ سانتیمەتر (نەمامێکی بچووک) چاندران. یەکێک لە گرنگیەکانی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە دارەکان لە رێگەی تەکنەلۆژیای گرۆسێس وەتەر بۆکسەوە چاندراون (Groasis Waterboxx) کە هاوکاری دارەکان دەکات بەرگەی بێ ئاوی و گەرمای وشک بگرن.
بەشێک لە سودەکانی ٢٠،٠٠٠ داری زەیتون لەم خشتەیەی خوارەوە روونکراوەتەوە:
| بەرهەم | رێژە |
|---|---|
| بەرهەمهێنانی ئۆکسجین لە یەک ڕۆژدا | ٥ ملیۆن لیتر (٤٫٩٣ ملیۆن لیتر) |
| بەرهەمهێنانی زەیتون لە یەک ساڵدا | ٤٠٠ تەن (٤٠٠،٠٠٠ کیلۆگرام) |
| بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون لە یەک ساڵدا | ١٢٠ تەن (١٢٠،٠٠٠ کیلۆگرام) |
| توانای پاڵپشتی ئۆکسجین | ٩٠٠٠ کەس لە ڕۆژێکدا |
زانیاری تەکنیکی زیاتر: درەختەکانی ئاربێکینا لە ساڵی ٢-٣ دەست دەکەن بە بەرهەمهێنانی بەرهەمی کەم و پێگەیشتنی تەواو لە دەوروبەری ساڵی ٥-٧ دەبێت. تێکڕای بەرهەمی پێگەیشتوو بۆ هەر دارێک ١٥-٢٠ کیلۆگرام و تێکڕای پارێزگار ٢٠ کگم بۆ هەر دارێک لە ساڵێکدا دەبێت. پێکهاتەی ڕۆنی ئاربێکینا ٢٥٪ - ٣٥٪ یە و بە تێکڕای هاوسەنگی ٣٠٪ ڕێژەی دەرهێنانی زەیت دەبێت. هەر یەک داری زەیتوونی پێگەیشتوو ~ ٩٠،٠٠٠ لیتر ئۆکسجین لە ساڵێکدا بەرهەم دەهێنێت، کە کاتێک کۆی ٢٠،٠٠٠ دار دەبێت بریتی دەبێت لە ١٫٨ ملیار لیتر لە ساڵێکدا. کەسی ئاسایی پێویستی بە ~ ٥٥٠ لیتر ئۆکسجین لە ڕۆژێکدا هەیە.
لەرێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەزگای روانگە توانی ئامانجێکی تریش بپێکێت کە ئەویش بریتی بوو لە خستنەسەر کاری ٢٥٥ لاو کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئافرەتانی لەخۆ دەگرت.
لە میانی رێوڕەسمەکە وتاری دەزگای روانگە پێشکەشکرا لەلایەن (حەسەن شێخ علاءالدین) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، هەروەها نوێنەری ئاژانسی GIZ وتاری ئاژانسەکەی پێشکەشکرد و پاشان بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وتاری وەزارەتی پێشکەشکرد.
دەزگای روانگە بەردەوام دەبێت لە دەستپێشخەرییە ژینگەییەکانی لەپێناو خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی ژینگەی کوردستان.