دەزگای روانگە خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشێتە قوتابیە یەکەمەکانی سۆران

پەروەردە | 17/8/2017
Rwanga Foundation Awards Top Students of Soran District

بە ئامانجی هاندانی قوتابیان و گەشەپێدان بە بواری پەروەردە، دەزگای روانگە خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە ئەو قوتابیانەیپلەی یەکەم، دووەم و سێیەمیان بەدەست هێناوەلە قەزای سۆران.

بەرواری ١٧ی ئابی ٢٠١٧، لە رێوڕەسمێکی تایبەتی پەروەردەی سۆران تایبەت بە رێزلێنان لە قوتابیە یەکەمەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، دەزگای روانگە خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە ٩ قوتابی ئەم دەڤەرە کە پلەی یەکەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستهێنابوو.

ئەو ٩ قوتابیەی خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشرا یەکەمەکانی سنوری پەروەردەی سۆران بوون، کە بریتیبوون لەو قوتابیانەی بەرزترین نمرەیان هێنابوو لە قۆناغەکانی ٩ و ١٢ی بنەڕەتی (زانستی و وێژەیی). لە رێوڕەسمەکەدا قوتابیانی  پلەی یەکەم ، دووەم و سێیەم لەلایەن دەزگای روانگەوە خەڵاتکران.

ئامانجی رێزلێنانەکە  بۆ بەرزراگرتنی هەوڵ و کۆشسشی قوتابیەکان بوو لە پڕۆسەی خوێندنو هاندانیان بوو بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پەروەردە و وەدەستهێنانی دوارۆژێکی پرشنگدارتر.

عەزیز سەعید مەلا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران لە رێوڕەسمەکەدا دوای  '' پیرۆزبایی کردن لە قوتابییە سەرکەتوەکان، سوپاسی تەواوی ئەو کەس و لایەنانەی کرد، کە پاڵپشتی ئـەوان بوونە لە پێشخستنی پڕۆسەی خوێندن و فێرکردندا لە دەڤەری سۆران بەتایبەتی دەزگای روانگە بۆ دووهەمین ساڵە خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشێتە قوتابییە یەکەمەکانمان''.

قوتابیەکان زۆر دڵخۆشبوون بە رێوڕەسمەکە. چرۆ مەحمود، کە پلەی یەکەم لە ئاستی سنوری پەروەردەی سۆران و پلەی چوارەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی بەدەست هێناوە یەکێک لەو قوتابیانەبوو کە خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا. ئەو گوتی ''مامۆستاکان زۆر هاوکارم بوون. هەروەها خەونی من ئەوەیە خزمەتی کۆمەڵگە بکەم و ببمە نەوەیەک بتوانم لە رێگەی خوێندنەکەمەوە سودێکی گەورەم هەبێت''

دەزگای روانگە زۆر بە گرنگیەوە دەڕوانێتە بواری پەروەردە و یەکێک لەو چوار بەشە سەرەکیانەی کاری تێدا دەکات بریتیە لە پەروەردە. تەنیا لە ساڵی ٢٠١٧ ( تاوەکو مانگی ئاب)، ٦ پڕۆژەی پەروەردەیی لەلایەن دەزگای روانگەوە ئەنجامدراون کە تیایاندا نزیکەی ٥٠٠٠ قوتابی سودمەند بوونە. لەلایەکی تریشەوە چەندین قوتابخانەی نۆژەن کردۆتەوە و هەمیشە پێداویستیی خوێندنی بۆ قوتابیان و مامۆستایان دەستەبەرکردوە و راهێنانی جۆراوجۆری بەمەبەستی گەشەپێدانی تواناکانیان بۆ قوتابیان و مامۆستایانی بە ئەنجام گەیاندوە.