بەرواری ٢٤ی حوزەیران تاوەکو ١١ی ئابی ٢٠١٨، دەزگای روانگە بە هاوبەشی زانکۆ هەڵەبجە خولی پڕۆگرامسازی و پەرەپێدانی ئەپلیکەیشنی مۆبایلی ئەندرۆیدی بۆ لاوانی هەڵەبجە ئەنجامدا.
ئامانجی خولەکە بەهێزکردنی لاوانی هەڵەبجە بوو لە بوارەکانی پڕۆگرام سازی و پەرەپێدانی ئەپڵیکەیشنی مۆبایل لەسەر سیستەمی ئەندرۆید تاوەکو بتوانن کارامەییەکانیان لەم بوارەدا بەرزبکەنەوە و لە بازاڕی کاردا ئەم شارەزاییانە بەکاربهێنن بۆ دەستکەوتنی داهات بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.
رێورەسمی دابەشکردنی بڕوانامەکان بەسەر دەرچوانی خولەکەدا لە بەرواری ١٧ی ئەیلول ئەنجامدرا، کە تێیدا ٢١ لاو بەشداریان تێداکرد.هەروەها لە کۆتاییدا ٦ ئەپڵیکەیشن کەلەلایەن بەشداربوانی خولەکە پەرەپێدران (دروستکران).
ئامانج کاکەڕەش، بەڕێوەبەری نوسینگەی دەزگای روانگە لە پارێزگای سلێمانی گوتی'' زۆر شانازی بە لاوانی بەشداربوو دەکەین و هیوادارین ئەم شارەزاییانەی لە خولەکەدا فێربوونە بتوانن بیکەن بە پڕۆژەیەکی بازرگانی (بزنز) و سەرچاوەی داهات''. هەروەها زۆر سوپاسی زانکۆی هەڵەبجەی کرد بۆپشتگیری و دابینکردنی تاقیگە و کەلوپەلی ئایتی.
بەخشین یەحیا، یەکێک بوو لە بەشداربوانی راهێنانەکە. ئەو لەگەڵ ٣ بەشداربووی دیکە ئەپڵیکەیشنێکی (پڕۆگرامی مۆبایل)ی پەرەپێداوە کە وادەکات سیستەمی مۆبایل پشتگیری لە تێکستی دایلێکتی هەورامی بکات. ئەو گوتی '' داواکارییەکی زۆر هەبوو لەسەر زیادکردنی دیالێکتی هەورامی لە کیبۆردی مۆبایل، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە لە رێگەی مۆبایلی زیرەکەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. هەروەها هیوادارم زیاتریش بەرەو پێش بچین و ئەو شتانەی فێربووین بتوابین بیخەینە بواری پراکتیکی و جێبەجێکردنەوە''.
ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایل بەشێوەیەکی بەچاو لە کاروباری رۆژانە و کاردا لە گشت بوارەکاندا بەکاردەهێندرێن. هەروەها، سیستەمی ئاندرۆید یەکێکە لە بەهێزترین سیستەمەکانی مۆبایل و پشتگیری لە ژمارەیەکی زۆر ئەپڵیکەیشنی مۆبایلە زیرەکەکان دەکات.